بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دوو كەشتیوانەكەی ناسا دوای 286 رۆژ لە گیرخواردنیان لە بۆشایی ئاسمان، دەگەڕێنرێنەوە سەر زەوی و لە بنكەی ئاسمانی فلۆریدا دەنیشنەوە.

رۆژی هەینی رابردوو ئاژانسی ناسا و كۆمپانیای سپەیس ئێكسی ئەمریكی، تیمێكی 10 كەسییان بە كەشتی سپەیس ئێكس دراگۆن، رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد بۆ گەڕاندنەوەی (بوچ ویلمۆر و سونی ویلیامز)ی كەشتیوان كە ماوەی زیاتر لە 9 مانگە گیرییان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوی.

ئەمە دووەم هەوڵی ناسایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو كەشتیوانە، هەوڵی پێشووتر لە 12ی ئادار بوو، بەڵام بەهۆی لەكاركەوتنی سیستمی هایدرۆلیكی كەشتییەكە هەوڵەكە شكستی هێنا.

لە 5ی حوزەیرانی 2024، ویلمۆر و ویلیامز گەیشتنە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان و دەبوو تەنیا بۆ ماوەی كەمتر لە 10 ڕۆژ لەوێ بمێننەوە، بەڵام گەڕانەوەیان دواخرا، دوای ئەوەی بەهۆی دزەكردنی هیلیۆم و كێشەی پاڵنەرەوە، كەشتیەكە كێشەی تێكەوت.

كەشتییەكە دوای چەند هەفتەیەك لە هەوڵدان بۆ چاككردنی، بەبێ ویلیامز و ویلمۆر گەڕێندرایەوە بۆ سەر زەوی، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی كاری تەكنیكییەوە، گەڕانەوەی دوو كەشتیوانەكە لەنێو كەپسولە گیرخواردووەكە تا ئێستا دواكەوتووە.

گیرخواردنی ئەو دوو كەشتیوانە، دوای سێ جار هەوڵدانی ناسا هات بۆ رەوانەكردنیان بۆ بۆشایی ئاسمان، بە كەشتی بۆینگ ستار لاینەر.

دوو هەوڵی پێشووی ناسا بۆ ناردنی ئەو دوو كەشتیوانە ئەمریكییە بەر لە رەوانەكردنیان هەڵوەشێندرابوویەوە، بەڵام لە هەوڵی سێیەمدا سەركەوتنی بەدەستهێنا و كۆمپانیای بۆینگ ئەركی گەشتەكەی لەئەستۆگرت.

ئەگەرچی گیانی دوو كشتیوانەكە كەوتووەتە مەترسییەوە و تا ئێستا ناسا شكستی هێناوە لە گەڕاندنەوەیان، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ئیلۆن مەسك خاوەنی كۆمپانیای سپەیس ئێكس بابەتەكەیان بە سیاسی كردووە و پێیانوایە دوو كەشتیوانەكە لەلایەن ئیدارەی پێشووی بایدنەوە لە بۆشایی ئاسمان بەجێهێڵدراون.

گیرخواردنی تیمەكەی ناسا لە بۆشایی ئاسمان یەكەمجار نییە، لە رابردووشدا پێنج گەشتی تری ئاسمانی لە كاتی گەڕانەوەیان شكستیان هێناوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 300 رۆژ ماونەتەوە، بەڵام درێژترینیان گەشتی ئاسمانی فرانك ڕوبیۆ بوو لە ئەیلولی 2023 كە 371 رۆژی خایاند.