ئەمڕۆ یادی دەستپێکی بەهاری عەرەبییە؛ ئەو بەهارەی کۆڵی نەدا تاوەکو سوریاشی رزگار کرد
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ ١٧ی ١٢، یادی دەستپێکی شۆڕشی بەهاری عەرەبییە، ئەو بەهارەی هەر وەک فێنکایی و جوانی وەرزی بەهار؛ فێنکایی و ئاهـ'ی بە دڵی خەڵکی چەندین وڵاتی عەرەبیدا هێنا، کە ئێستا دوای ١٤ ساڵ هێشتا کۆڵی نەداوە و دوایین شوێن سوریای رزگار کرد.
ئەمڕۆ ١٧ی ١٢ی ٢٠٢٤، ١٤ ساڵ بەسەر روداوی خۆسوتاندنەکەی محەمەد بوعەزیزیدا تێدەپەڕێت، کە بووە ئەو درزەی کانیاوی شۆڕشی بەهاری عەرەبی لێوە تەقی و وڵات بە وڵاتی گرتەوە.
محەمەد بوعەزیزی، ئەو گەنجە تونسیە بوو هەژاری و ماندوویەتی و قەرزاری تەنگی پێهەڵچنیبوو، ئەو توڕەیی ناخی دەخواردەوە بەڵام هێشتا وەک کەسوکاری باسیان دەکرد، بزە لەسەر لێوەکانی نەدەبڕا و بە قسەخۆشەکانی هەمووانی دەخستە پێکەنین، رووەخۆش و قسەخۆشەکانی وایکردبوو بە محەمەدیان دەوت "بەسبوس". محەمەد بوعەزیزی لە تەمەنی سێ ساڵیدا بووە کە باوکی کۆچیدوایی کردووە و بە ناچاری لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەستیکردووە بە کارکردن ئەرکی بەخێوکردنی دایک و شەش خوشکی لەئەستۆ بوو، کە ساڵ لەدوای ساڵ سەختی ژیان و کارکردن زیاتر تەنگی پێهەڵچنیوە و لە خوێندنی دابڕیوە.
عەلی ئامۆزای محەمەد بوو، تەمەنی دووهێندەی ئەو دەبوو و ئەو باس لەوەدەکات، بەسبوس بەهۆی سەختی ژیان و فشاری رۆژانەوە، لەو ساڵانەی کۆتایی و بەر لە خۆسوتاندنەکەی، پێکەنین و قسەخۆشەکانی نەمابوو و زوو هەڵدەچوو.
محەمەد بوعەزیزی تەمەن ٢٦ ساڵ سەرقاڵی فرۆشتنی سەوزە و میوە بوو، ئێواران سەوزە و میوەی دەکڕی و رۆژی دوای ئەو بە دەستگێڕەکەی دەیفرۆشتەوە، دواتر شەوان دەچووە ماڵەوە و چەند کاتژمێرێکی کەم دەخەوت، بەیانیش بەهەمان شێوەی دەستیپێدەکردەوە. وەک عەلی دەڵێت: محەمەد شەو و رۆژ راکە راکی بوو، هێشتا قەرزەکانی تەواو نەدەبوو.
سەرەتای شۆڕشی بەهاری عەرەبی
بەیانییەکی سارد، هاوشێوەی هەموو بەیانییەک محەمەد دەچێتە دەرەوە و دەستگێڕەکەی بەدوای خۆیدا رادەکێشێت بۆئەوەی دەست بە کاری رۆژانەی بکات، بەڵام پۆلیس دەست بەسەر دەستگێڕەکەیدا دەگرێت بەبیانووی ئەوەی بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقام کار دەکات، محەمەد بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی بە پارێزگار و روونکردنەوەی دۆخەکە بۆی دەچێتە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای شاری سیدی بوعەزید، بەڵام پارێزگار رەتیدەکاتەوە بیبینێت.
محەمەد کە هەژاری تەنگی پێهەڵچنیوە و تەنانەت کەمترین کاتی نەماوەتەوە بۆ ژیانکردن، هەمیشە کارکردن، هەمیشە ڕاکردن بەدوای نان، رەتکردنەوەی پارێزگاریش ئەوەندەی دیکە دۆخەکەی لەسەر قورس دەکات و لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگادا ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات. "چیتر ناتوانم هەناسە بدەم" عەلی لە چاوپێکەوتنێکیدا بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، "کەس گوێی لەو نەدەگرت، ئەگەر لەو ساتەدا لەگەڵی بوومایە رێگەیەکم دەدۆزیەوە بۆئەوەی قسە لەگەڵ پارێزگاردا بکەین، بەڵام لەوێ نەبووم.. دەزانی! با من شتێکت پێبڵێم کە پێشتر بە کەسم نەوتووە، هەفتەیەک بەر لەو رووداوە محەمەد بە سەڵاحی ئامۆزایەکی دیکەمانی وتبوو، زۆر ماندوو بووم، چیتر ناتوانم هەناسە بدەم".
باسی لەوەشکردووە، محەمەد لەلایەن پۆلیسەوە زۆر نارەحەت دەکرا، هەمیشە بەرۆکاین دەگرت لەبەر ئەوەی دەستگێڕە و مۆڵەتی نییە، ناچاریان دەکرد پارەیان پێبدات بۆئەوەی لێی بگەڕێن کار بکات. لە رۆژی رووداوەکەدا عەلی لە دوکانەکەی خۆیدا کاری دەکرد، سەڵاحی ئامۆزای چووەتە لای و وتوویەتی، عەلی دەڵێن، کەسێک لەبەردەم پارێزگادا خۆی سوتاندووە، با بچین بزانین چی بووە، کە دەچنە ئەوێ و روداوەکە دەبینن عەلی بە کامێراکەی ڤیدیۆی دیمەنەکە دەگرێت و کاتێک دەگەڕێنەوە، شۆفێرێکی تاکسی کە لەکاتی خۆسوتاندنەکەی محەمەد'دا چاکەتەکەی خۆی پێدا دابوو.
بە هەڵەداوان رادەکات و دەڵێت: عەلی ئەوە محەمەد بوو، بەسبوس بوو، کوڕە باشەکە!. کاردانەوەکانی دوای خۆسوتاندنی محەمەد بوعەزیزی رووداوی خۆسوتاندنەکەی محەمەد ناخی تونسییەکانی هەژاند و گڕی بەردایەوە ئەو ژیلەمۆیەی لەناخیاندا دەسووتا، دەنگی ناڕەزایەتی دژی حکومەتەکەی زەین ئەلعابدینی سەرۆکی ئەو کاتی وڵاتەکە، شەقامەکانی تونسی پڕ کرد. هەر تاوەکو گەیاندنی محەمەد بە نەخۆشخانە، دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەوە و خۆپیشاندان لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگادا دەستی پێکرد. خۆپیشاندانەکانی سەرەتا کەسانی نزیک لە محەمەد و هاوڕێکانی و کەسوکارەکەی بوون، دواتر بە سەدان و هەزاران کەس کۆبوونەوە، کە هێشتا پارێزگار رەتی کردەوە بیانبینێت. عەلی دوو مانگ بەر لەو رووداوە هەژمارێکی فەیسبووکی لە سۆشیاڵ میدیادا دروستکردبوو، بڕیاریدا ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکان لەوێدا بڵاوبکاتەوە.
عەلی ئاماژەی بەوەکردووە، "زۆر دەترسام، چونکە ئاسان نەبوو لەوکاتەدا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و رەخنەگراندا بیت، رژێم ترسناک بوو".
زەین ئەڵعابدین، ئەو کەسەی هەرگیز گوێی بە خەڵک نەدەدا، لەو ماوەیەی محەمەد لە نەخۆشخانەدا کەوتبوو سەردانی کرد. دوو هەفتە و نیو لەدوای روداوەکە، لە ٤ی ١ی ٢٠١١دا محەمەد بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەکەی گیانیلەدەستدا، کە لە کۆتاییشدا ناوی نەخۆشخانەکە گۆڕدرا بۆ ناوی محەمەد بوعەزیزی، خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبوون و بە هەزاران خۆپیشاندەر لە رۆژی ٤ی ١دا دەستگیر کران، خۆپیشاندەرە گەنجەکان شەوان لەسەر شەقام دەمانەوە. لەکۆتاییدا لە ١٤ی مانگی ١ رژێمەکەی زەین ئەڵحابدین رووخا و خۆشی بەرەو سعودیە هەڵهات.
گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابووری، قۆرغکاری و حوکمڕانی تاکڕەوی، بێکاری و دۆخی سەختی ژیان و چەندین گرفتی تر بوونە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی قۆرغکای سیاسییەکان و سەرمایەدارکردنی چەند کەسێک و نەهێشتی چینی ناوەڕاست، وایکردبوو دۆخی کۆمەڵایەتی خەڵکیش بەرەو خراپی بچێت. پەککەوتنی چەندین کەرتی گشتی وڵاتەکە و بێبازاڕی ماڵ بە ماڵی گرتبووەوە.
لە تونسەوە بۆ میسڕ
دوابەدوای تونس ناڕەزایەتییەکان میسڕیشی گرتەوە، لە ٢١ی ١ی هەمان ساڵدا '٢٠١١' چیندین خۆپیشاندان دەستیان پێکرد و لە رۆژی یادی پۆلیسی میسڕدا دەرگای ناڕەزایەتییەکان و توڕەیی خەڵک کرایەوە و رۆژ بە رۆژ خۆپیشاندانەکان دژی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەو کاتی میسڕ فراوانتر دەبوون و بە دەیان گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، بە هەزاران کەس دەستگیرکران و هێشتا بڵێسەی ئەو ئاگرە زیاتر تەشەنەی دەسەند. سەرەڕای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گرتنەبەری چەندین رێکار لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی میسڕەوە، بەڵام نەیانتوانی دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ بکەنەوە و خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون.
ئەو روداوانە درێژەیان کێشا و دەنگی ناڕەزایی گەنج و پیر و ژن و پیاو توانیان لە ١١ـی شوباتدا حوسنی موبارەک ناچار بکەن دەستلەکاربکێشێتەوە و لەدوای حوسنی موبارەک ١٨ مانگ ئەنجومەنی باڵای هێزە چەکدارەکان وڵاتی بەڕێوەبرد و پاشان محەمەد مورسی بووە سەرۆک، ئەویش ماوەی دەسەڵاتەکەی بەدەر نەبوو لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و لەکۆتاییشدا لە ٣ی ٧ی ٢٠١٣دا، عەبدولفەتاح سیسی بە کودەتایەک وەزیری ئەوکاتەی بەرگری میسڕی لەسەر کار لابرد.
لیبیا
دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەدوای میسڕدا گەیشتە لیبیا و بە تەواوی هاوشێوەی راپەڕین هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و شار لەدوای شار دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، لە لیبیاش خەڵک بەدەست بێکاری و هەژاری و سەختی ژیان و دۆخی ئابوورییەوە دەیان ناڵاند، ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەشی وڵاتانی عەرەبی گرتبووەوە هاندەرێکی دیکە بوو.
ئەگەرچی لە سەرەتادا بەشێوەی ئاشتیانە گەنجان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، بەڵام وەڵامدانەوە توندەکانی دەسەڵاتداران و بەکارهێنانی چەکی قورسی ئاگرین دۆخەکەی قوڵتر کردەوە.
لە ٢١ی ٨ی ٢٠١١ـەوە شۆڕشێکی جەماوەری سەری هەڵدا و هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان لە رۆژئاوای لیبیاوە رژانە سەرشەقام، تاوەکو ئەو شۆڕشە کۆڵان بە کۆڵانی گرتەوە و لە کۆتاییشدا دەستیان بەسەر رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی لیبیادا گرت، کە دواتر لە ٢٠ی ١٠دا بە دەستگیرکردن و کوژرانی محەمەد قەزافی سەرۆکی لیبیا کۆتایی پێهات.
یەمەن
ناڕەزایەتییەکان زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی گرتبووەوە و یەمەنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانە، هەرچەندە شۆڕشەکەی یەمەن بە شۆڕشی ئاشتیانە ناوی دەهێنرا، کە لە ١١ی شوباتی ٢٠١١ دەستیپێکرد، داوای گۆڕانکاری ئابووری و کۆمەڵایەتییان لە رژێمەکەی عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن دەکرد.
ناڕەزایەتییەکان درێژەیان کێشا و لەکۆتاییدا داوای روخاندنی رژێم دەکرا، لەو کاتەدا زۆرینەی سەرۆکهۆز و کەسایەتییەکان پشتگیری خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، لە رۆژی ١٨ی ئازاردا، لە ناڕەزایەتییەکاندا ٥٢ کەس کوژران و زیاتر لە ٧٠٠ کەسی دیە بریندار بوون.
دوابەدوای ئەوە چەندین بەرپرس دەستیان لەکار کێشایەوە، عەلی عەبدوڵا ساڵح هەوڵیدا کارەکان بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەت خێراتر بکات، لە رۆژی ٤ـی ٦دا عەلی عەبدوڵا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر دەچێتە سعودیە، دواتر کە کۆشكی سەرۆکایەتی بۆردومان دەکرێت لە ٢٣ی ٩دا دەگەڕێتەوە یەمەن و لە ٢٣ی ١١دا دەستلەکار دەکێشێتەوە.
سوریا
لە شوباتی ۲٠۱۱ وە ناڕەزایەتییەکان سوریاشیان گرتەوە و گونجان لە ناوەراسی دیمەشق چەندین دروشمیان دەوتەوە، کە دواتر لە ناوچەی درعای باشووری سوریا چەند خوێندکارێک کە تەمەنیان لەنێوان ۱٥ بۆ ۱۷ ساڵدا دەبوو، لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان نووسیان: 'گەل رووخانی رژێمی دەوێت'، 'کاتی تۆ دێت دکتۆر' کە مەبەستیان لە بەشار ئەسەد بوو. کە دواتر ئەو خوێندکارانە دەستگیرکران و ئەشکەنجەی توند دران، کەسوکاریشیان بۆ زانینی چارەنووسی منداڵەکانیان خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام عاتف نەجیب سەرۆکی باڵێکی سیاسی نزیک لە بەشار ئوسەد پێی وتن، منداڵەکانتان لەبیر بکەن و منداڵی دیکە بخەنەوە. کە ئەوەش ناڕەزایەتیەکانی فراوانتر کرد و خەڵک بە کۆمەڵ رژانە سەر شەقامەکان. دواتر لە ۱٥ی ۳دا خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورە کە چالاکوانانی مەدەنی رێکیان خستبوو بەڕێوەچوو و هێزەکانی رژێم رووبەڕوویان بوونەوە و زۆرینەیان دەستگیر کردن.
دوای ئەوەش لە ۱۸ی ۳دا و لەژێر ناونیشانی 'هەینی کەرامە' خۆپێشاندان چەندین شاری گرنگی سوریای گرتەوە و لەو خۆپیشاندانەدا یەکەم گیانلەدەستدانی شۆڕشی سوریا کەوتەوە.
دواتر لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی سوریادا دەستیەک بۆ گروپە ناڕازیەکان پێکهێنرا کە ٤٠ گروپی لەخۆ گرتربوو، دواتر سوپای سوریای ئازاد و هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەندین گروپی دیکە دروستبوون و لەو ساڵەوە جەنگی ناوخۆی سوریا دەستیپێکرد.
دۆخی سوریا بەدەست رژێمی ئەسەدەوە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو و بە هەزاران گەنج و خێزان ئاوارەی وڵاتانی دیکە بوون، ئابووری داڕما و رۆژ بە رۆژ دراوەکەی بەهای لەدەست دەدا، هەزاران گینلەدەستدان و دەیان هەزار برینداری ناڕەزایەتییەکان هەبوون، سوپا چەکی قورس و کیمیایی بەکارهێنا، چەندین ساڵە سوریا لەو دۆخە و سەختتردا ژیان دەکات.
تاوەکو لە کۆتاییدا دوای ۱۳ ساڵ لە شەڕ و ململانێ لە ۲۷ی ۱۱ی ئەمساڵدا جارێکی دیکە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەتیان کردەوە بە هێرشەکان دژی سوپای سوریا و رژێمەکەی ئەسەد و دواجار لەماوەی ۱۱ رۆژدا بە فەرمی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ۸ی ۱۲دا راگەیەنرا و کۆتایی بە حوکمی ٥۳ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەس هات لە سوریادا.
بەوەش بەهاری عەرەبی لە سوریاش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە سەرکەوت، ئەگەر چی درێژەی کێشا و درەنگ یەکلا بووەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەهاری عەرەبی بووە ئەو فێنکاییەی دڵی سورییەکانیشی بوژاندەوە. بەهاری عەرەبی خۆپیشاندانی گەورەی لە چەندین وڵاتی دیکەشدا بەدوای خۆیدا هێنا، وەک جەزائیر، عێراق، بەحرەین، ئوردون، تورکیا، مەغریب و عەمان، لە چەندین وڵاتی دیکەشدا خۆپیشاندانی بچوک بەرێوەچوون، وەک لوبنان، سعودیە، کوێت، و سۆدان.
هەرچی ئەو وڵاتانە بوون کە رژێمیان پاشایەتی بوو، بە چاکسازی دەستووری رێژەیی شەپۆلی خۆپیشاندانیان رەواندەوە و ناڕەزایەتییەکان ڕای نەماڵین، وڵاتێکی وەک سعودیە کە دەوڵەمەندە بە نەوت هاوکاری کۆمەڵاتی بۆ هاوڵاتییەکانی زیاد کرد. بەهاری عەرەبی ئەگەرچی دوای ۱۳ ساڵ هێشتا رەوشی بەشێکی وڵاتانی بەو جۆرە نەگۆڕی بەڵام رەوشی دیموکراسی باشتر کرد.لە راپۆرتێکدا یەکەی زانیاری ئیکۆنۆمیست سەر بە گروپی بەریتانی ئیکۆنۆمیست، کە دۆخی دیموکراسی وڵاتانی جیهان ساڵانە لە راپۆرتێکدا هەڵدەسەنگێنێ، بەراوردی دۆخی دیموکراسی وڵاتانی عەرەبی کردووە لەنێوان ۲٠۱٠ تاوەکو ۲٠۲٠ و ئاماژەی بەوە کردووە، رەوشی دیموکراسی بەرەوپێش چووە، جگە لەو دوو وڵاتەی کە ئێران هەژموونی تیایاندا هەیە وەک سوریا و یەمەن، کە وا پێدەچێ ئیتر سوریاش لەو کڵێشەیە هاتبێتە دەرەوە.