كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق لەسەر دۆسێی نەوت داهاتە نانەوتییەكان تائێستا چارەسەر نەكراوە و لیژنەی داراییش لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو كە هەردوولا پێی رازی بن.


عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، سەردانەكانی ماوەی رابردوویان بۆ هەولێر كە ئامانج لێی گەیشتن بوو بە ئەنجامێكی باش لەنێوان بەغداد و هەولێر لەبارەی داهاتە نەوت و نانەوتییەكان و گونجاندنی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لەگەڵ ئەو بڕگانەی لە یاسای بودجەدا حكومەتی عیراق چەسپاندوویەتی تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.


وتیشی، لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی میكانیزمێكە بۆ رەخساندنی كەشێكی لەبار بە مەبەستی گەیشتن بە رەزامەندی لەبارەی نرخی نەوت بۆئەوەی هەرێم دەستبكاتەوە بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت و ئەوەشی تائێستا پێگەیشتوون رەزامەندییەكی مەبدەئییە لەبارەی گونجاندنی گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێم كە لەگەڵ دەستووردا یەكبگرێتەوە و بەو پێیەش گرێبەستەكان لە هاوبەشی بەرهەمهێناندا دەگۆڕدرێت بۆ بەشداریكردن لە قازانج و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆبووەتەوە و ئەو پێشنیازانەیان تاوتوێ كردووە و لەگەڵ وەزارەتی داراییش بۆ هەمان مەبەست كۆدەبنەوە و هەموو هەوڵەكانیشیان لە پێناوی ئەوەیە چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان.


عەتوانی باسی لەوەشكرد، لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان ژمارەكانی حكومەتی هەرێم جیاوازن لەو ژمارانەی حكومەتی عیراق باسیان دەكات، لە كۆبوونەوەكانیشیاندا لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم جەختیانكردووەتەوە لەسەر پێویستی یەكخستنی باجی گومرگی و دەروازە سنورییەكان لە پێناو رێكخستن و زیادكردنی داهات و رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە باج و جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی و لەو چوارچێوەیەشەدا هەرێم هەنگاوی باشی ناوە و جەختیشیانكردووەتەوە لەسەر پێویستی بە بانكیكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم و ئامانجی سەردانانەكانیشیان بۆ هەرێم كۆتاییهێنانە جیاوازی و ناكۆكییەكان بۆئەوەی هەرێم دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكاتەوە دوای یەكلاكردنەوەی بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.


د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی داراییش دەڵێت، لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی لیژنەی نەوت و غاز و بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت، كۆبووەتەوە بۆ تاوتوێكردنی هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ بڕگەی دووەم لە یاسای بودجە كە تایبەتە بە هەمواركردنەوەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیش ئەو گفتوگۆ و كۆبوونەوانە دەكرێن لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو هەمواركردنەوەیە و ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی تایبەت بە هەمواركردنەوەكە.


عەدنان جابری جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازیش دەڵێت، لیژنەكەیان لەگەڵ چارەسەركردنی رەوشی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانە، چونكە عیراق پێویستی بەو بڕە نەوتە هەیە كە لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، جگە لەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراقیش رێكدەخاتەوە.


وتیشی، لە هەموارە پێشنیازكراوەكەدا قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان باسكراوە كە لەلایەن كۆمپانیایەكی راوێژكاری نێودەوڵەتییەوە دیاری دەكرێن كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی هەموو كێڵگە نەوتییەكان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.


جەختیشیكردەوە، وەك لیژنەی نەوت هیچ تێبینییەكیان نییە جگە لەوەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە سەرپەرشتی بكرێن یان هەماهەنگی تەواو لە نێوانیان هەبێت.