چاوپێكەوتنی ٧ ساڵ لەمەوبەری پیت هێگسێت پێشكەشكاری فۆكس نیوزە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، كە ئێستا كاندیدە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، لەكاتێكدا هێشتا ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی كراوەتەوە یەكلایی نەكراونەتەوە.


بەشێك لە كاندیدەكانی ئیدارەی ترەمپ بەچەند دۆسیەیەكی جیاجیا تۆمەتبارن و شارەزایان سەریان سوڕماوە لە دیاریكردنی ئەو كەسانە لەكاتێكدا هێشتا تۆمەتەكانی سەریان یەكلانەبوەتەوە. 


یەكێك لەو كەسانە پیت هێگسێت پێشكەشكاری فۆكس نیوز و ئەندامی سوپای پاسەوانی نیشتیمانییە كە كاندیدی ترەمپە بۆ وەزیری بەرگری ئەمریكا، لەكاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی ئاڕاستە كراوە و قوربانیەكان چەند بەڵگەیەكیان رادەستی پۆلیس كردووە، بەڵام ئەو سەرجەم تۆمەتەكانی رەتكردوەتەوە و كەیسەكەی لەلایەن دادگاوە دانەخراوە.


ستیڤن چەنگ وتەبیژی ترەمپ دەڵێت، هێگسێت سەرجەم تۆمەتەكانی رەتكردوەتەوە و هیچ سزایەك یان غەرامەیەكی بەسەردا نەسەپێنراوە.
بەپێی یاسا، پێویستە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رەزامەندی لەسەر كاندیدەكانی ئیدارەی نوێی دەرببڕێت، هەرچەندە كۆمارییەكان زۆربەی كورسیەكانی ئەو ئەنجومەنەیان بردووەتەوە. 


لە ئێستاشدا بەشێك لە كۆمارییەكان پشتگیری خۆیان بۆ هەنگاوەكانی ترەمپ بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی ئیدارەكەی راگەیاندووە.


ترەمپ هەروەها مات گاتزی بە داواكاری گشتی دەستنیشان كردووە كە حاكمی ویلایەتی فلۆریدا بووە و لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكاوە چەند ساڵێكە لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت بە تۆمەتی بازرگانی سێكسی و خەوتن لەگەڵ كچێكی ١٧ ساڵدا. 


ترەمپ هەروەها رۆبێرت كێنەدی جونیەری بە وەزیری تەندروستی دەستنیشان كردووە كە پێشتر رەخنەی لە ڤاكسین گرتبوو و بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە ڤاكسین دەبێتەهۆی توشبوون بە ئۆتیزم. 


دەستەی تەندروستی گشتی ئەمریكا دەڵێت، دانانی كێنەدی بە وەزیری تەندروستی دەبێتەهۆی ئەوەی زیانی زۆر بە كەرتی تەندروستی وڵات بگات و كەسێكی نەشیاو دانراوە. 


هاوكات بەشێك لە ئەندامانی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران نامەیەكیان ئاڕاستەی پنتاگۆن كردووە و داوایان كردووە رێكاری یاسای بگیرێتەبەر لە بەرانبەر پەیوەندی نێوان ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا. 


دەشڵێن، پەیوەندی نێوان روسیا كە دوژمنی ئەمریكایە لەگەڵ مەسك كە سودمەندە لە پاڵپشتی دارایی حكومەتی ئەمریكا پرسیاری زۆر دەهێنێتە ئاراوە.