سەرۆك كۆمار: هەموو هەوڵێك بۆ چارەسەری لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەدەین
لاوان
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨١
لەمیانی سەردانەكەی بۆ باكۆ و بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی " ئای نیوز" ئەنجامدا و تێیدا، لەبارەی چەند پرسێكی گرنگەوە دوا كە دیارترینیان گۆڕانی كەشوهەوا بوو.
لە دەستپێكی چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا، بە درێژایی ١٥ ساڵی رابردوو عیراق بە دەست وشكەساڵی و گرتنەوەی هاتنی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ناڵاندوویەتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو هەوڵێكیان خستووەتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و پێداگریشن، لەسەر بەشداریكردن لەو كۆنفرانسانەی تایبەتن بە ژینگە و كەشوهەوا بۆ باشتركردنی ژینگە و كەشوهەوای عیراق.
هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا، لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئازەربایجان، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاستێكی باشدایە و كاردەكەن بۆ فراوانكردنی هەماهەنگییەكانی نێوان هەردولا.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەشیدا، سەرۆك كۆماری عیراق جەختیلەوەكردەوە، كەشوهەوا و ژینگە دوو دۆسیەی مەترسیدارن و نابێت پشتگوێ بخرێن.
وتیشی، پێویستە بابەتەكانی كەشوهەوا و ژینگە بكرێنە وانەیەكی سەرەكی و لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا بخوێندرێن.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، رۆژی ١١ـی ئەم مانگە بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا سەردانی باكۆی پایتەختی ئازەربایجانی كرد تێیدا وتارێكی گرنگی لە بارەی دۆخی ژینگە پێشكەشكرد، لەمیانی سەردانەكەشیدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان و گەورە لێپرسراوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.