ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس بە نەخۆشی شەكرە لە جیهاندا گیانلەدەستدەدەن
یەحیا
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٠
نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینیدەكات تا ساڵی ٢٠٣٠ نەخۆشی شەكرە ببێتە حەوتەم هۆكاری گیانلەدەستدان لە جیهاندا، ئەوەش لە چوارچێوەی بڵاوكردنەوەی نوێترین راپۆرتی خۆی بەبۆنەی رۆژی جیهانی شەكرە، ئەو نەخۆشییەی كە ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس دەكوژێت.
١٤ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك، جیهان یادی نەخۆشی شەكرە دەكاتەوە، دانانی ئەو رۆژە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كۆچی دوایی زانای كەنەدی فرێدریك بانتینگ كە بووە فریادڕەسی جیهان و چارەسەری نەخۆشییەكەی لەڕێی دەرزی ئەنسۆلینەوە دۆزییەوە.
هەرچەندە نەخۆشی شەكرە بە یەكێك لە نەخۆشییە كوشندە درێژخایەنەكان دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی پزیشكی، ئەو نەخۆشییەش چارەسەر و رێنمایی پێویستی بۆ دانراوە و بە یەكێك لە نەخۆشییە كۆنترۆڵكراوەكان دادەنرێت.
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیكەی ٥ ملیۆن و ١٠٠ هەزار كەس لە سەرتاسەری جیهان بەو نەخۆشییە گیانیانلەدەستداوە، بەوپێیەی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكە بە ِرێژەی ٧٠% زیادیكردووە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، نەخۆشییەكە درێژخایەنە و كاتێك ڕوودەدات كە پەنكریاس توانای بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی نەبێت بەڕێژەیەكی پێویست، یان كاتێك جەستە ناتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر ئەو ئەنسۆلینە بەكاربهێنێت كە بەرهەمی دەهێنێت.
نەخۆشی شەكرە بەسەر سێ جۆردا دابەشدەبێت، كە بریتین لە شەكرەی جۆری یەكەم و جۆری دووەم و شەكرەی دووگیانی.
ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەمیان هەیە بەدەست كەمی ئەنسۆلینەوە گرفتارن، بەزۆری تووشی گەنجان یان هەرزەكاران دەبێت و هۆكاری بۆماوەی یان نەزانراوە، جگە لە چارەسەری درێژخایەن، تائێستا چارەسەری بنەبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
شەكرەی جۆری دووەمیش بەزۆری لە كەسانی بەتەمەن و سەرووی تەمەن ٣٠ ساڵدا دروستدەبێت، شێوازی خواردن و قەڵەوی هۆكاری سەرەكی ئەم جۆرەن، لەڕێی دەرمان و كەمكردنەوەی كێش و گۆڕینی شێوازی خواردن و زیادكردنی جوڵەو كۆنتڕۆڵكردنی گلوكۆزی خوێنەوە چارەسەر دەكرێت.
جۆری سێیەمیش كە بە شەكرەی دووگیانی دەناسرێت، ئەوەیە كە ئاستی گلوكۆزی خوێن لە هەندێك لە خانمانی دووگیاندا بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەزۆری دوای منداڵبوون دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
جگە لە هۆكاری بۆماوەیی، كەمی چالاكی جەستەیی و فشارە بەردەوامەكانی رۆژانە، هۆكاری سەرەكی توشبوونە بەم نەخۆشییە، ساڵانە رێكخراوەكان لەرۆژی جیهانی شەكرەدا چالاكی ماراسۆن و وەرزش ئەنجام دەدەن بۆ هاندانی خەڵك لەسەر وەرزش كردنی بەردەوام.
جگە لە هۆكارە باوەكان، نەخۆشی شەكرە لەپاڵ نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان و شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەناسە دروستدەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس بەم نەخۆشییە دەمرن.
توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایكردووە، زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهان دووچاری نەخۆشی شەكرەن لەئێستادا كە زیاتر لە ١٠٠ هەزاریان لە هەرێمی كوردستانن.