بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار
هەژار
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٧٦
بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگە لە عێراق و كاریگەری زۆری لە سەر گەنجان دروستكردووە و هەوڵەكانی عیراقیش بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دیاردە مەترسیدارە لەئاستی نێودەوڵەتی و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەش بەردەوامە.
ژمارەیەك لە شارەزایانی بواری ئەمنی لە عیراق باس لەوە دەكەن ماددەی هۆشبەر نزیكەی ١٢ هێندە لە مەترسییەكانی تیرۆر زیاترە كە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە زۆر زیادیكردووە و تائێستاش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە.
ئاماژە بەوەش دەكەن، لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە چەندین ناوچە و پارێزگای جیاجیا ژمارەیەك كارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەریان ئاشكراكردووە و رۆژنانەش بازرگان و بەكارهێنەر دەستگیر دەكەن، بەڵام هەر لە زیادبووندایە و كۆنترۆڵ نەكراوە.
بەوتەی ئەو شارەزایانەی بواری ئەمنی پارێزگای بەسرە بە پلەی یەكەم دێت لە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە دوای ئەویش پارێزگای بەغداد بە پلەی دووەم دێت و سەرچاوەی هاوردە كردنی ماددە هۆشبەرەكانیش بۆ عیراق لە سوریا و ئێران و لوبنانەوەیە كە لە دەروازە سنورییەكان و بە رێگەی وشكانیدا هاوردە دەكرێن و لە پاكستان و ئەفغانستانیشەوە لە رێگەی ئێران و دەریاوە ماددەی هۆشبەر دەگاتە عیراق.
ئاشكراشی دەكەن، رێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە ناو گەنجان بە كچان و كوڕانەوە تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥% و بەپێی ئامارەكانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار حەبی هۆشبەر لە رێگەی خاڵە سنورییەكان لەگەڵ ئێران، گەیەنراونەتە عیراق لە كاتێكدا سنورەكانی نێوان عیراق و ئێران بە 1400 كیلۆمەتر دەخەمڵێندرێت و ئەستەمە بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گەندەڵی و كارئاسانیكردن لە خاڵە سنورییەكان، رۆژانە لە سنورەكانی ئێران و سوریاوە بڕێكی زۆری ماددەی هۆشبەر دەگاتە عیراق لە بەرامبەر پێدانی بڕێكی زۆری پارە بە ئەفسەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان
شارەزایانی بواری ئەمنی باسیان لەوەشكردووە، ئەگەر عیراق بیەوێت بە رێژەیەكی زۆر بەسەر ئەو دیاردە مەترسیدارەدا زاڵ بێت، پێویستی بە دروستكردنی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتیش سوریا و ئێران و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووش بۆ چاودێریكردن لە سنورەكان بەكاربهێنێت لەگەڵ كاراتركردنی هەوڵە هەوڵگرییەكان و پێكهێنانی سەدان و هەزار تیمی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی بارزگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر.