چاوەڕوان دەكرێت ساڵی نوێ‌ پڕ مشتومڕترین ساڵی كۆتایی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێت، بەو پێیەی چەندین پرۆژەیاسا كە زۆرترین ناكۆكی سیاسییان لەسەرە تائێستا پەسەند نەكراون و رێككەوتنیان لەسەر نەكراوە .


جگە لەوەی لەئێستادا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە بە دەست پرۆژەیاساكانی گەڕاندنەوەی موڵكدارێتی و لێبوردنی گشتی و باری كەسێتی و یاسای حەشدی شەعبییەوە گیری خواردووە كە بەشێكیان بە پرۆژەیاسا مەزهەبییەكان ناودەبرێن و زۆرترین ناكۆكییان لەسەرە چ لە نێوان لایەن و كوتلەكان و چ لە ناوخۆی لایەن و كوتلەكانیش جیاوازییەكی زۆری بۆچوون و سەرنجیان لەسەرە و تائێستاش دیار نییە لە دانیشتنەكانی داهاتوودا جارێكی تر دەخرێنەوە ناو بەرنامەی كارەوە یاخود نا.


سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێكدا كەمكردنەوەی پشووی یاسادانی بۆ مانگێك راگەیاند و لە ١٩ ئەم مانگەوە جارێكی تر دانیشتنەكان دەستپێدەكەنەوە و بەپێی ئامارێكی لیژنەی یاساییش زیاتر لە ١٢٠ پرۆژەیاسای خولەكانی پێشوو بە كەڵەكەبوویی ماونەتەوە و تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە.


لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستای حكومەت، بڕیاربوو دوای شەش مانگ هەڵسەنگاندن و گۆڕانكاری وزاری بكرێت، بەڵام تائێستا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هیچ پرۆژەیەكی بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران نەكردووە و بە وتەی پەرلەمانتارانیش تائێستا دیار نییە سودانی بە پرۆژەیەكەوە بۆ گۆڕانكاری وزاری دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەران یاخود نا، دەشڵێن ئەگەر ئەو هەنگاوە بنرێت، پێشبینیش دەكرێت گۆڕانكارییە وزارییەكە، وەزیرانی پەروەردە و بەرگری و كشتوكاڵ و گواستنەوە بگرێتەوە.


ئاستەنگێكی تر كە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران دروست دەبێت، كۆتایی هاتنی تەمەنی یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقە لە ٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ، ئەمە جگە لە مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسایی نوێی هەڵبژاردن لە عیراق كە پێشبینی دەكرێت زۆرترین مشتومڕی لەسەر بكرێت و لایەنەكانیش بیكەنە بابەتێك بۆ بانگەی هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.


لە بواری بانگهێشتكردنیشدا ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران بە لاوازترین خول دادەنرێت كە تائێستا جگە لە بانگهێشتكردنی نەبیل جاسم سەرۆكی تۆڕی راگەیاندنی عیراقی كە بەهۆیەوە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، هیچ وەزیر و لێپرسراوێكی تری حكومی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت نەكراون و ئەوانەشی چونەتە ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری كراون.


بودجە سێ‌ ساڵییەكەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥یش ئاسەنگێكی تری بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانە لە ساڵی داهاتوودا ، چونكە دواخشتەی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پێشكەش دەكرێت و ئەمەش دەبێتە بابەتێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەو پێیەی كوتلەكان دەیانەوێت زۆرترین بودجە بۆ پارێزگاكانی خۆیان دەستەبەر بكەن.