دوای ماوەیەكی زۆر لە بانگەشە و ئەنجامدانی یەك دیبەیت، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەرامبەر كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا و جارێكی تر بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرایەوە.


بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە كۆی 530 دەنگ، نزیكەی 280  دەنگی بەدەستهێناوە و بەسەر كامالا هاریسی ركابەریدا سەركەوتووە كە 224 دەنگی بەدەستهێناوە، لە كۆی 50 ولایەتیش ترەمپ لە 29 ویلایەت سەركەوتووبووە و دەنگەكانی گەیشتووەتە 277 دەنگ كە دەكاتە 51%ی كۆی دەنگەكان و زیاتر لە 71 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، بەوەش دەبێتە 47هەمین سەرۆكی ئەمریكا، لە بەرامبەریشدا كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان 224 دەنگی بەدەستهێناوە و لە 21 ویلایەت سەركەوتوو بووە كە دەكاتە 47.5%ی كۆی دەنگەكان و 66 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.


ئاماژە بەوەشكراوە، كۆمارییەكان 52 كورسی ئەنجومەنی پیران و 204 كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر كردووە و دیموكراتەكانیش 42 كورسی ئەنجومەنی پیران و 182 كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە.


لە هەر حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەكەی ئەمریكاش ترەمپ لە پێشەوەیە.


بەپێی یاسای دەنگدانیش لە ئەمریكا دەبێت هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە كۆی 530 دەنگ  270 دەنگ بەدەستبهێنێت تا بتوانێت ببێتە براوەی هەڵبژاردنەكە، ترەمپ ئەو رێژەیەشی تێپەڕاندووە و زیاتر لەو ژمارەیە دەنگی بەدەستهێناوە.


لە وتارێكیشدا كە بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا لە ویلایەتی فلۆریدا پێشكەشیكرد، دۆناڵد ترەمپ سوپاسی هەموو ئەوانەی كرد كە دەنگیانپێداوە و كردوویانەتەوە بە 47هەمین سەرۆكی ئەمریكا، وتیشی، جارێكی تر ئەمریكا بەهێز دەكاتەوە و سنورە دزاروەكانیش وەردەگرێتەوە و رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن و بۆ جیهانیشی دەسەلمێنن كێ بەهێزترین و گەورەترینە.


هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراین لەلایەك و هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە و لوبنان لەلایەكی تر، رەوشی سیاسی و ئابووری و بارزگانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێكی هەستیار و نالەباردایە و پێشتریش ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندین جار باسی لەوە كردووە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی بەو دوو شەڕە دەهێنێت و سنورێكیش بۆ ئێران دادەنێت.