سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كاردانەوەی لێكەوتەوە
هەژار
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩١
هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا بەشێك لە لێپرسراوانی خۆرئاوای خۆشحاڵ كردووەو داوا دەكەن رێگە بە ئیسرائیل بدات دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەكانی ئێران لەناو ببات، ئێران و گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقیش جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان ترەمپ و بایدن نابین.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئاژانسی رۆیتەزر لە زاری ژمارەیەك لە لێپرسراوانی رۆژئاواوە بڵاویكردووەتەوە، پێویستە دۆناڵد ترەمپ دوای دەستبەكاربوونی بە رەسمی، سیاسەتەكانی ئەوكاتەی لە دژی ئێران دەستپێبكاتەوە كە سەرۆكی ئەمریكا بوو، چونكە ئێران جگە لەوەی بەهۆی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بووەتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر ئاسایش و ئارامی هەموو جیهان، هاوكات بەهۆی دەستوەردانیشی لە كاروباری بەشێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزیی لەو ناوچەیە و چەندین گرووپی چەكداری لە عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین چەند وڵاتێكی تریش دروستكردووە كە ئەركیان تەنها تێكدانی ئاسایش و ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو لێپرسراوانەی رۆژئاوا داویان لە ترەمپ كردووە رێگە بە ئیسرائیل بدات هەموو دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەكانی ئێران بۆردومان بكات و بەتەواوی لەناویان ببات.
عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە وتارێكیدا هەرچەندە راستەوخۆ ناوی ترەمپی نەهێناوە، بەڵام دەڵێت، لەئێستا بەدواوە هێرشی پێشوەختی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران بە دوور نازانن، بەڵام هەموو ئامادەكارییەكان كردووە و بۆ وەڵامدانەوەی هەموو جۆرە هێرشێكیش ئامادەن.
كەتائیبی سەید شوهدائیش كە سەر بە گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقە رایگەیاندووە، ترەمپ و بایدن دووی دیوی یەك دراون و هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نییە تەنها ئەوە نەبێت كە دوو كەس نوێنەرایەتی ئەمریكا دەكەن لە رووی دیبلۆماسییەوە.
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاش ژمارەیەك چالاكوانی سەر بە بزوتنەوەی (جەست ستۆپ ئۆیڵ) لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دژی هەڵبژادنەوەی دۆناڵد ترەمپ خۆپیشاندانیان كرد و بۆیاخیان بە دیواری باڵیۆزخانەكەشدا رشت.