رۆژی شەشی تشرینی دووەم كۆتایی بەوەدێت كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، بەڵام ئەوەی كە پرسیارە چی دەبێت ئەگەر لە رۆژی كۆتاییدا ترەمپ و هاریس یەكسان بن یاخود دەنگی پێویست نەهێنن بۆ بوون بە سەرۆكی داهاتوو.


لەگەڵ چڕبوونەوەی كێبڕكێی نێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و كاملا هاریسی دیموكراتەكان هەردووكیان تاڕادەیەكی زۆر لە دوایین ڕاپرسییەكاندا تا رادەیەكی زۆر لە یەكەوە نزیكن و یەكسانن، ئەوەش پرسیاری ئەوەی هێناوەتە پێشەوە گەر بێت و ئەو دوو كاندیدە رێژەی دەنگەكانیان وەك یەك بێت چی روودەدات.


لە ئەگەری یەكسانبوونی هەردوو ركابەرەكە، دەستوری ئەمریكا پلانێكی بۆ چارەسەركردنی لەخۆگرتووە.


شارەزایانی یاسایی ئاماژە بە ماددەی دووی دەستور و هەروەها هەمواری دوازدەهەمی دەستوری ئەمریكا دەكەن بۆ چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی دۆخێكی لەوشێوەیە.


بەپێی چارەسەرە دەستورییەكە ئەگەر كاندیدەكان یەكسانبوون، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەگوازرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، كە دەبێت ئەندامە تازە هەڵبژێردراوەكان سوێندی دەستووری بخۆن و دواتر دەنگ لەسەر ئەوە بدەن كێ دەبێتە سەرۆك.


لێرەدا هەر ویلایەتێك یەك دەنگ بەدەست دەهێنێت، بێ گوێدانە قەبارە و ژمارەی نوێنەرەكانی و دەبێت دەنگ بە یەكێك لە ترەمپ یان هاریس بدەن.


بە پێی دەستور پێویستە سەرۆكی داهاتوو دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت واتە لە كۆی 50 ویلایەتەكە دەبێت دەنگی نوێنەری 26 ویلایەت  یان زیاتر بەدەستبهێنێت بەڵام مەرجە دەنگی ویلایەتی واشنتۆن دی سی تێدابێت.


بەڵام بۆ دانانی جێگری  سەرۆك پەنا دەبرێتە ئەنجومەنی پیران و بە دەنگدانی ئەندامانی یەكلادەبێتەوە كە ژمارەیان 50 ئەندامەو پێویستە ئەو كەسەی دەبێتە جێگری سەرۆك لانیكەم دەنگی 26 ئەندام بە دەستبهێنێت.


ئەوەی جێی سەرنجە تائێستا لە مێژووی ئەمریكادا هیچكات كاندیدە ركابەرەكان یەكسان نەبوون، بەڵام ئەمریكا لە رێگەی دەستورەكەیەوە چارەسەری گونجاوی بۆ هەموو ئەگەرەكان داناوە.