یەكەم سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەر بە رۆژی هەڵبژاردن لە ئەمریكا دانراوە
کەژان
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٠
زیاتر لە سەدە و نیوێكە دەنگدەرانی ئەمریكا راهاتوون بەوەی كە چوار ساڵ جارێك و لەیەكەم سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەردا، دەچن بۆ دەنگدان و سەرۆكێكی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوویان هەڵدەبژێرن.
ئەوەی بووەتە مایەی پرسیار لای ئەمریكییەكان ئەوەیە، بۆچی یەكە سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەر بۆ ئەو پرۆسە كاریگەرە دیاریكراوە.
بە گەڕانەوە بۆ بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی ئەمریكا دەركەوێت چەند هۆكار هەن وایانكردووە، یەكەم سێ شەمەی مانگۆ نۆڤەمبەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكای تێدا ئەنجام بدرێت.
یەكێك لە هۆكارەكان كە بە گرنگترینیشان دانراوە پەیوەستە بە چۆنیەتی ژیانی ئەوكاتی ئەمریكییەكان كە یەكەمجار هەڵبژاردنی بەخۆیەوە دییوە، چونكە زۆرینەیان جوتیاربوون ژیان و چۆنیەتی كاركردنیان دەریخستووە یەكەمین سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەر بۆ ئەوان گونجاوە تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
لە یەكەم هەڵبژاردنی ئەمریكادا، كە جۆرج واشنتۆن كاندیدبوو ماوەی پرۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە زیاتر لە 15 رۆژی خایاند ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر ئەنجامەكان و رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە هەبووە.
ئەوەش وایكرد، بۆ كۆتایهێنان بەو كێشانە، كۆنگرێسی ئەمریكا یاسایەكی فیدراڵی دەركرد كە ڕۆژی سێ شەممەی یەكەمی مانگی نۆڤەمبەر بكرێتە رۆژی سێ شەممەی مەزن و دەنگدانی سەرۆكایەتی ئەمریكای تێدا ئەنجامبدرێت.
دەركردنی بڕیارێكی لەوشێوەیەش زیاتر پەیوەست بوو بەوەی پێكهاتەی كۆمەڵگەی ئەوكاتی ئەمریكی كە زۆربەیان جووتیار بوون. لە شوێنی دوور لە بنكەكانی دەنگدان جێگیر بووبون، لانیكەم پێویستیان بە ڕۆژێك بوو بۆ ئەوەی بچن دەنگبدەن. یەكێكی دیكەش لە هۆكارەكان ئەوەبوو كە هەڵبژاردنەكان لە نێوان كۆتایی هاوین و سەرەتای پایزدا دانەنرێت بەهۆی وەرزی دروێنەكردنەوە بۆیەو ئەو رۆژەی دیاریكرا بۆئەوان زۆر گونجاو بوو.
هەروەها، بەهۆی ئامادەبوونی زۆربەی ئەمریكییەكان لە كڵێساكان لە ڕۆژی یەكشەممەدا كۆتایی هەفتەكەیان بە نەگونجاو زانیووە بۆ هەڵبژاردن.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم هۆكارانە، دەتوانرێت بوترێت چینی جوتیاران هۆكاربوون بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و جێگیركردنی لە یەكەم سێ شەمەی مانگی نۆڤەمبەردا بۆ هەر چوار ساڵ جارێك.