تەختی سلێمانە لە شاری تیكاب سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان..كە یەكێكە لە شوێنەوار مێژوییەكان و ساڵانە گەشتیارێكی زۆر روی تێدەكەن.

 
بە وتەی مورتەزا سەفەری  بەڕێوبەرێ گەشتیاری و كاری دەستی شاری تیكاب لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەمساڵ رێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ تەختی سلێمان ١٠٪ بەرز بوەتەوە بەڵام تەنها ١٦٣ گەشتیاری بیانی سەردانی ئەو شوێنە مێژوییەیان كردوە.


بەڕێوبەری گەشتیاری و كاری دەستی تیكاب رایگەیاند لە ماوەی هەشت مانگدا ٦٠ هەزار گەشتیار لە ناوخۆی ئێران و دەرەوە سەردانی تەختی سلێمانیان كردووە.


تەختی سلێمان و زیندانی سلێمان لە تیكاب دوو شوێنەواری گەشتیارین كە لە رێكخراوی یونیسكۆ بۆ كەلتور لە نەتەوەیەكگرتوەكان تۆمار كراون و بە شوێنەوارێكی جیهانی ئەژمار دەكرێن.


مێژووی تەختی سلێمان زیاتر لە سێ هەزار ساڵە و ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە شارەكانی كوردستان و وڵاتانی دەرەوەش سەردانی دەكەن بەڵام لە دوو ساڵی رابردودا كەمترین گەشتیاری بیانی سەردانی ئەو شوێنەوارە مێژوییەیان كردوە.


تەخی سولەیمان دەكەوێتە دوری ٣٢ كیۆمەتر لەباكوری رۆژهەڵاتی شاری تیكاب سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان.


تەختی سلێمان بە شاكارێكی بیناسازیی لە مێژوی كۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان لەقەڵەم دەدرێت كە لە ساڵی ١٩٣٧-ەوە  وەك شوێنەوارێكی نیشتیمانی لە ئێران تۆمار كراوە و لە ساڵی ٢٠٠٣شدا وەك شوێنەوارێكی جیهانی تۆمار كرا.


شوێن و شێوازی بیناسازیی تەختی سلێمان چیرۆكی مێژووی زیاتر لە حەوت سەدە دەسەڵاتی ساسانییەكان و ئاینی زەردەشتی لەخۆ گرتووە.


لە دوری سێ كیلۆمەتر ئەو شوێنە گردێكی گەورە هەیە كە ناوەكەی بە قوڵایی ٨٠ مەتر بۆشە و لە چیرۆكەكاندا هاتوە كە وەك زیندانی دێو لە لایەن حەزرەتی سولەیمانەوە بەكارهێنراوە.