ئێران وڵاتانی ناوچەكەی لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل ئاگاداركردووەتەوە
لاڤە
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٥
دوای ئەوەی ئێران چەندین جار دڵنیاییدا لەوەی وەڵامی هێرشە ئاسمانییەكەی رۆژی ٢٦ی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر خاكەكەی دەداتەوە، ژمارەیەك دیپلۆماتكار وردەكاری وەڵامە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران ئاشكرا دەكەن و ئێران وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە ئاگادار دەكاتەوە لە ئەنجامدانی هێرشێكی بەهێز و ئاڵۆز كە كڵاوەی جەنگی بەهێز بەكاردەهێنێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە زاری ژمارەیەك دیپلۆماتكارەوە بڵاویكردووەتەوە، وەڵامی ئەمجارەی ئێران تەنها بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان نابێت، بەڵكو كڵاوەی جەنگی بەكاردەهێنێت و هێرشەكەی ئەمجارەی بۆ سەر ئیسرائیل قورس و ئاڵۆز دەبێت.
لێپرسراوانی ئێرانی بە رۆژنامەكەیان وتووە، بەهۆی ئەوەی چوار ئەندامی هێزەكانیان لە هێرشەكەی ئیسرائیل كوژراون، سوپاكەی لەو وەڵامەدا بەشدار دەبن و تۆڵەی خۆیان دەكەنەوە.
راشیگەیاندووە، بە پێی ئەو زانیارییانەی لێپرسراوانی ئێران بە رۆژنامەكەیانداوە، هێرشەكەی وڵاتەكەیان بۆسەر ئیسرائیل دەكەوێتە دوای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆئەوەی هیچ كاریگەرییەك لەسەر ئەو هەڵبژاردنە دروست نەبێت، بۆیە لەوانەیە وەڵامەكە رۆژێك دوای هەڵبژاردنەكە بێت، بەڵام گومانی تێدا نییە كە بەر لە دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەبێت، كە ئەو دەستبەكاربوونە دەكەوێتە ساڵی نوێوە.
باس لەوەشكراوە، ئێران رەنگە خاكی عیراق بۆ هێرشەكەی بەكاربهێنێت، كە دامەزراوەی سەربازی ئیسرائیل بەشێوەیەكی توندوتیژتر و دوژمنكارانەتر دەكاتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكی، ئێران حەز بە سەركەوتنی كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان دەكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، پێشتریش عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختی كردەوە لەوەی وەڵامەكەیان توند دەبێت.
ئێوارەی یەكشەممەش مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران جەختی كردەوە لەوەی ناتوانن هێرشەكەی ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێبپەڕێنن، ئاماژەی بەوەشدا كە هێشتا وڵاتەكەی چۆنێتی وەڵامدانەوەكە تاوتوێ دەكات، وتیشی، چۆنێتی و جۆری وەڵامەكەیان دەگۆڕێت، ئەگەر بێتو ئاگربەست لە غەززە و لوبنان رابگەیەندرێت.