ئەكسیۆس: ئێران ئامادەكاری دەكات لە عیراقەوە هێرشبكاتە سەر ئیسرائیل
لاڤە
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٤٣
دیمەنی دوایین هێرشی درۆنی گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقە بۆ سەر باكوری ئیسرائیل، لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكان بۆ ئەگەری تۆڵەكردنەوەی ئێران لە ئیسرائیل لەرێگەی خاكی عیراقەوە و شكستی هەوڵەكانی بەغداد بۆ كپكردنی هێرشی گروپە چەكدارەكان.
دوای هێرشەكەی بەرەبەیانی رۆژی ٢٦ی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جارێكی دیكە جیهان لە چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل و بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەكان، ئێران بە نیازە ئەمجارە لە خاكی عیراقەوە تۆڵە بكاتەوە.
پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی لەزاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەكان ئێران بە نیازە بە بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە خاكی عیراقەوە و بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا هێرش بكاتەوە سەر ئیسرائیل.
سەرچاوەیەكی باڵاش كە ئاگاداری دانوستانەكانی ئێرانە بۆ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی جەختی كردووەتەوە كە ئێران هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل و وەڵامەكەی یەكلاكەرەوە و بە ئازار دەبێت.
ئەڤیگدرو لیبرمان ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر ئێران وەڵامی هەبێت ئەوا روبەڕووی وەڵامی دوو هێندە دەبێتەوە، داواشی لە لایەنە سیاسی و سەربازییەكان كرد چاوەڕێی هەڕەشە و وەڵامی ئێران نەبن و هێرشی پێشوەختەیان هەبێت.
ئەگەر ئەو زانیارییانەی پێگە ئەمریكییەكان بڵاویانكردووەتەوە راست بن، ئەوا لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا هێرشەكە ئەنجام دەدرێت، بەوپێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
عیراق هیچ لێدوانێكی رەسمی نەداوە سەبارەت بەئەگەری بەكارهێنانی خاكەكەی لەلایەن ئێرانەوە دژ بە ئیسرائیل، لەكاتێكدا لەیاداشتێكی ناڕەزایی ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە لەبارەی بەكارهێنانی ئاسمانەكەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دوایین هێرشیدا بۆسەر ئێران.
عیراق لە ئێستادا هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی پەلكێشی نێو ئەو جەنگە نەكرێت، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لە زاری چوار سەرچاوەوە بڵاویكردووەتەوە، حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەركەوتوو نەبووە لە وەستاندنی هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقی بۆ سەر ئیسرائیل، كە بە مووشەك و درۆن ئەنجامی دەدات.
بەوتەی سەرچاوەكان، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا دوو لێپرسراوی ئەمنی باڵای عیراقی سەردانی ئێرانیان كردووە و هەوڵیانداوە ئێران رازی بكەن بۆ وەستانی هێرشی گروپەكانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێناوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عیراقی كە ئاگاداری ئەو سەردانانە بووە وتویەتی، وەفدەكەی عیراق لەلایەن ئێرانەوە پێشوازییەكی ساردی لێكراوە و پێیانوتوون كە بڕیار لە دەستی مقاوەمە خۆیەتی.
عیراق بۆ ئەو مەبەستە پەنای بۆ ئەمریكاش بردووە و داوای لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كردووە دەستوەردان بكەن و نەهێڵن ئیسرائیل تۆڵەی هێرشەكانی مقاوەمە بكاتەوە، بە تایبەت ئەو هێرشەی چواری تشرینی یەكەم، كە كوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی و برینداربوونی ٢٠ی دیكەی لێكەوتەوە.
لە بەرامبەردا، چوار سەرچاوە لە كەتائیبی حزبوڵا و نوجەبا كە هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێوەدەبەن وتویانە، هۆشداری دراوەتە سەرۆك وەزیران كە فشاری زۆریان لێنەكات و بەڵێنیشیانداوە بە بەردەوامی هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، توانای وەڵامدانەوەی ئێران لە روبەڕوبوونەوەی ئیسرائیل لاواز بووە، چونكە ئیسرائیل لە دوایین هێرشیدا سیستمی بەرگری مووشەكی ئێس ٣٠٠ی ئێرانی بە تەواوی تێكشكاندووە، تا ئێستاش ئێران سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەكانی ئەو هێرشەیە.