جارێكی تر مەشهەدانی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا
هەژار
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٣٣
دوای نزیكەی ساڵێك كێشە و ناكۆكی نێوان لایەنە سوننەكان لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەدوای محەمەد حەلبوسی، دواجار مەحمود مەشهەدانی وەك كاندیدی زۆربەی لایەنە سوننەكان و كەسێكی قبوڵكراو لە ناو لایەنە شیعەكانیش، لە كۆبوونەوەكەی شەوی پێنج شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران و لە دوای دوو خولی دەنگدان، بە ١٨٢ دەنگ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا و ركابەرەكەشی كە سالم عیساوی بوو ٤٢ دەنگی بەدەستهێنا.
مەحمود داود سەلمان موسا مەشهەدانی لە ٢٠ی ئایاری ساڵی ١٩٤٨ لە بەغداد لە دایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە بەغداد تەواوكردووە، لە ساڵی ١٩٦٦ لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی بەغداد وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٧٢ بە پلەی مولازمی یەكی پزیشك خوێندنی تەواوكردووە و لە ناو سوپای عیراقدا وەك پزیشكێك كاریكردووە.
مەشهەدانی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا سەرەڕای ئەوەی كەسایەتییەكی سوننەش بوو، بەڵام بە یەكێك لە نەیارەكانی سەدام حسێن هەژمار كراوە و بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەكانیشەوە لەساڵی ١٩٨١ دەستگیراوە و خراوەتە زیندان و لە ساڵی ٢٠٠٠یش سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بۆ دەركراوە.
مەحمود مەشهەدانی بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی پرۆسی سیاسی عیراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دادەنرێت و سەرۆكی مەكتەبی سیاسی رێكخراوی و بانگخوازی و رێنمایی بووە لە ساڵی ٢٠٠٤یش بووەتە ئەندامی دامەزراندنی ئەنجومەنی دیالۆگی نیشتیمانی و لە هەمان ساڵیشدا بووەتە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق.
مەشهەدانی لە ساڵی ٢٠٠٨ بە سەرۆكی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردراوە و یەكەم سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بووە لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە ساڵی ٢٠٠٦ تا كۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ لەو پۆستەدا بووە، بەڵام بەهۆی هەندێك هەڵوێستی بەرامبەر ئەمریكا و لایەنە شیعەكان و لێدان لە پەرلەمانتارێكی شیعە لەلایەن پاسەوانێكییەوە، لە رۆژی 17ی مانگی ١٢ی ٢٠٠٨ دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند و لە رۆژی ٢٣ی هەمان مانگیش ئەنجومەنی نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد و مەشهەدانیش رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بووە لە نێوان پەرلەمانتاران بەهۆی ئازادكردنی رۆژنامەنووس مونتەزەر زەیدی كە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عیراق لە بەغداد، پێڵاوێكی گرتە جۆج دەبلیو بوش سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا.
مەحمود مەشهدانی لە بواری شیعر و نووسین و ئەدەبیاتیشدا كاری جۆری كردووە دیوانێكی شیعری لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاویكردووەتەوە و چەند نامیلەكەیەكی شیعری و پەخشانێكیشی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوكردووەتەوە و خاوەنی چەندین كتنَب و وتاریشە لە بوارەكانی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ژیانی كۆمەڵایەتی كە زۆربەیان لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوكراونەتەوە.