شەپۆلی باران و لافاو لە ئیسپانیا زیانی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاندووە
لاڤە
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٢٥
قوڕ و لیتە و پاشماوەی ئەو بارانەیە كە باشوری رۆژهەڵاتی ئیسپانیای گرتەوە.
دانیشتووانی ناوچەی "پایپۆرتا" لە ڤالنسیا زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.
پەیمانگای كەشناسی حكومی ئیسپانیا دەڵێت، ئەو بارانەی لە ناوچەی ڤالنسیا باریوە هاوشێوەی نەبووە و ئەوەی لە ماوەی ٨ سەعاتدا باریوە هێندەی بارانی ساڵێكە.
دانیشتووانی "پایپۆرتا" خەریكی پاككردنەوەی رێگەوبان و ماڵەكانیانن، هەرچییەكیش بكەن وا بە ئاسانی بۆیان پاك نابێتەوە.
هاوڵاتییەک لە ئیسپانیا: ئەڵێی بومەلەرزە بووە، نازانم تسونامی بوو چی بوو، خەڵك زیانی زۆریان بەركەوتووە، هیچ دوكانێك نەماوە، دەرمانخانەكان داخراون، سوپەرماركێتەكان داخراون، ئاو و كارەباشمان نەماوە.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان، سەرەڕای گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی، هێشتا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی بێسەروشوێن ماونەتەوە و ترس هەیە لە بەرزبوونەوەی ئاماری زیانلێكەوتووان.
وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا دەڵێت، هەزار و ٦٤ سەرباز كار دەكەن لە هەڵمەتەكانی گەڕاندا بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێن بووەكان لە ناوچە كارەساتبارەكاندا.
هاوڵاتییەک لە ئیسپانیا: من لێرە دەژیم، لەو دوكانە هەموو كرێكارەكان گیریان خواردبوو، دەرگایان لەسەر داخرابوو، كە پەنجەرەیەك شكا ئینجا توانیان بێنە دەرەوە و چوونە ناو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو ناوە بوون، ژن و كچێك بە زەحمەت خۆیان پێ رزگاركرا، رەوشەكە زۆر كارەساتبار بوو.
دەستەی كەشناسی ئیسپانیا رایگەیاند، لافاو و باوبۆرانەكەی وڵاتەكە بەهۆی كاریگەری پاڵەپەستۆیەكی بەهێزەوە بووە لە دەریای ناوەڕاست. سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاش داوای لە هاووڵاتیان كرد لە ماڵەكانیان بمێننەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ پشووی راگەیاندووە.
لێپرسراوانی ئەوروپا دەڵێن، ئەو كارەساتە سروشتییەی ئیسپانیا بیرخستنەوەیەكە بۆ ئەو زیانەی مرۆڤ بە ژینگەی دەگەیەنێت، چونكە پەیوەندی بە گۆڕانكاری كەشوهەواوە هەیە بەهۆی چالاكییەكانی مرۆڤەوە.