وەك دوایین بژاردەی سەربازی، روسیا پەنا دەباتە بەر هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەدژی نەیارەكانی و رێگە بە بەكارهێنانی دەدات لەلایەن سوپای وڵاتەكەیەوە.
لە هەزارەمین رۆژی شەڕدا، سوپای ئۆكراین بۆ یەكەمجار بە شەش موشەكی دورمەودای جۆری ئاتاكمسی ئەمریكی، بە قوڵایی ١١٠ كیلۆمەتر ناوچەی پریانسكی روسیای كردە ئامانج، ئەوەش تەنها دوو رۆژ هات كە ئیدارەی جۆ بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ كیێڤ هەڵكرد بۆ بەكارهێنانی ئەو جۆرە موشەكە لە دژی ئامانجەكانی لەقوڵایی خاكی ڕووسیا.
موشەكی ئاتاكمس دروستكراوی ئەمریكایە و مەوداكەی ٣٠٠ كیلۆمەترە، دەتوانێت تەنی جوڵاو و جێگیر بە وردی بپێكێت، بۆ یەكەمجار لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لە جەنگی كەنداو بەكارهات، تا ئێستا تەنها لە چوار وڵاتدا بەكارهاتووە، ساڵی ٢٠٠٣ لە پرۆسەی ئازادی عیراق زیاتر لە ٤٥٠ موشەكی ئاتاكمس بەكارهێنراوە، كڵاوەی ئەتۆمی لێ دەبەسترێت بە كێشی ١٦٠ كیلۆگرام، تێچووی یەك موشەك نزیكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە.
ئەم هێرشە، روسیای توڕە كرد و هەرزوو ڤلادمیر پوتن مەرسومی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لە دژی ئامانجەكانی ئۆكراین پەسەند كرد.
دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كرێملین دەڵێت، روسیا مافی خۆیەتی چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت لە ئەگەری هێرش كردنەسەر روسیا یان بیلاروسیا بە موشەكی دوورمەودا یان چەكی ئەتۆمو ئامادەبێت بۆ گۆڕانكارییەكان.
بەپێی مەرسومەكە، روسیا لەچەند بارودۆخێكدا ماف بەخۆی دەدات بە چەكی ئەتۆمی وەڵامی نەیارەكانی بداتەوە، كە بریتین لە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان، هێرش بۆ سەر سەروەری و یەكپارچەیی روسیا و بیلاڕوس، هەر هێرشێك كە بەچەكی ئەتۆم و كۆكوژ و موشەكی بالیستی بكرێتەسەری، هەر دەستدرێژییەك لەلایەن دەوڵەتێكی نائەتۆمی بە پشتیوانی دەوڵەتێكی ئەتۆمی بكرێتە سەر وڵاتەكەی.
دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداریدا لە دەرئەنجامەكانی وەڵامدانەوەی روسیا بۆ بۆردومانكردنی خاكەكەی و بە جەنگی جیهانی سێیەم وەسفی كرد.
وتیشی، رەنگە جۆ بایدن بڕیاری مردنی خۆی و بەشێكی مرۆڤایەتی دابێت.
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی روسیا داوا لە رۆژئاوا كرد، هەڕەشەكەی روسیا بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بەهەند وەربگرن و جەختی لەوەش كردەوە، مۆسكۆ وەڵامی گونجاوی ئەو هێرشەی كیێڤ دەداتەوە، بەوتەی خۆی، ئەم هێرشە قۆناغێكی نوێی ململانێكانی هێناوەتە ئاراوە.
دوابەدوای هێرشە موشەكیەكەی كیێڤ بۆسەر كۆگایەكی چەك، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەكەوتووەتەوە، جەختی لەوەشكردووەتەوە، لەلایەن سیستمی بەرگری روسیاوە پێنج لە مووشەكەكان لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوەو زیانیان بە دانەیەكیش گەیاندووە.