د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار جەختی  کردەوە کە عیراق هەر هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ فەلەستینییەکان لەدەرەوەی خاکی فەلەستین و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار لە وتارێکیدا لە کاتی بەشداریکردنی لە کارەکانی لووتکەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە وتی:

"عیراق سیاسەتەکانی پاکتاوی رەگەزی رەتدەکاتەوە کە لایەنە داگیرکەرەکان دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکەن کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە" و جەختی لەسەر پشتیوانی تەواوی عیراق کردەوە بۆ خۆڕاگری گەلی فەلەستین لە بەرانبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە لەلایەن قەوارەی داگیرکەرەوە دژ بە خەڵکی مەدەنی بێچەک و دامەزراوە مەدەنییەکان و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجامدراوە.

د.لەتیف رەشید، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی کرد بە خێرایی هەڵوێست وەربگرن و بە یەکگرتوویی و پتەویەوە رووبەڕووی هەموو ئەو پرۆژانە ببنەوە کە داوای دەرکردنی نایاسایی و سیستماتیکی فەلەستینییەکان لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن.

ئەمەی خوارەوە وتاری  سەرۆک کۆماری عیراقە لە لووتکەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە:

 

 

خاوەنشکۆ حەمەد بن ئال عیسا

بەڕێز سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی

خاوەنشکۆ و پایەداران و بەڕێزان

بەڕێز سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی

نوێنەرە بەڕێزەکان

سڵاو و دروود و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت

لە سەرەتای ئەم وتارەدا خۆشحاڵم کە زۆر سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێزتان و لە رێگەی ئێوەوە بۆ گەلی برای میسر دەرببڕم بۆ میوانداریکردنی کارەکانی ئەم لووتکە بەپەلەیە کە لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی مرۆیی و ئەمنی کە ناوچەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت دەبەسترێت و هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی فەلەستین و مافی سروشتی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان و مافی گەڕانەوەی پەنابەران و قەرەبووکردنەوەیان، بەپێی بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لەوانە بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی کە هەموویان داوا لە قەوارەی ئیسرائیل دەکەن کار بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە بکەن. داوا لە دەوڵەتان دەکات دان بە دۆخی نایاسایی بوونی ئەم قەوارەدا نەنێن، وە دان بە هیچ گۆڕانکارییەک نەنێ لە جۆری فیزیکی یان پێکهاتەی دیمۆگرافی ئەو خاکەی کە قەوارەی زایۆنی داگیری کردووە.

 

لەم مینبەرەوە، عیراق هەڵوێستی پتەوی خۆی دووپات دەکاتەوە و داوای بەدیهێنانی هیواکانی گەلی فەلەستین دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بە پایتەختی قودسی پیرۆزەوە بێت.

هەروەها بە توندی ئیدانەی بڕیاری قەوارەی ئیسرائیل دەکەین بۆ قەدەغەکردنی کارەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA) لە ناوچە داگیرکراوەکان و داواکردنی راگواستنی دوو ملیۆن فەلەستینی لە خاکەکانیان لە غەززە بۆ ناوچەکانی وڵاتانی دیکە کە هەموویان تاوانی جەنگی تەواون.

عیراق پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ مافە سروشتییەکانی فەلەستین و خۆڕاگری گەلی فەلەستین دووپات دەکاتەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە قەوارەی داگیرکەر لە دژی هاووڵاتیانی بێچەک و دامەزراوە مەدەنییەکان و شوێنە پیرۆزەکان ئەنجام دەدرێت بە بیانووی جۆراوجۆر و درۆ بۆ پاساوهێنانەوەی ئەو کارە قێزەونانەی دژ بە گەلی فەلەستین بە جینۆساید و تاوانی جەنگ لە روانگەی تەواوی جیهاندا، یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کاتێک لاواز و باوەڕپێنەکراو دەبن و چەمکی مرۆڤایەتی بووەتە دوو بینینی جیاواز .

 

بۆیە عیراق هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو پرۆژانەی کە ئامانجیان پاکتاوکردنی فەلەستینییەکان و بێبەشکردنیانە لە مافی مانەوەیان لەسەر خاکەکەیان و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو پرۆژانەی کە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەون و هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایش دەکەن و ناکۆکی زیاتر کۆنتڕۆڵ دەکرێن. 

یەکەم: داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی کە بە خێرایی هەڵوێست وەربگرن و بە یەکگرتوویی و توندی رووبەڕووی هەموو ئەو پرۆژانە ببنەوە کە داوای دەرکردنی نایاسایی و سیستماتیکی فەلەستینییەکان لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن کە دۆخی مرۆیی خراپتر دەکات و رێگری بکەن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵەکانیان لەگەڵ بەردەوامی سیاسەتەکانی جیاکاری رەگەزی و گەمارۆدان و پێشێلکردنی بەها و پرەنسیپە مرۆییەکان.

دووەم: داوا دەکەین کاری بەپەلە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بکرێت و داواکارین سندوقێک دابمەزرێ  بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و  هەڵسەنگاندنێکی بیرمەندانە کە پێداویستییەکان دیاری بکات، لەڕێگەی پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری نێوان کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان کە کار دەکات بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام دەبێت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بۆ گەلی فەلەستین و فشار خستنە سەر قەوارەی ئیسرائیل بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ بەردەوامی ژیان بۆ برایانی فەلەستین بۆ رێگریکردن لە ئاوارەبوونیان بۆ ناوچەکانی تر.

سێیەم: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری پێویست دەربکات کە متمانە بە سیستەمی نێودەوڵەتی دروست بکاتەوە و قەوارەی داگیرکەر ناچار بکات دەستدرێژی لەسەر ناوچەکە رابگرێت و سیاسەتی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەدوور بگرێت و کۆتایی بەو توندوتیژی و تۆپبارانانە بهێنێت کە دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەیکات و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان بکات و ئەنجومەنەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە ئەستۆ.

چوارەم: رووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکانی قەوارەی ئیسرائیل بۆ رێگرتن لە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی کە بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و نەمانی ئاوی خواردنەوە و سووتەمەنییەوە ئازاری فەلەستینیانی زیاتر کردووە، پاش ئەوەی داگیرکاری داخستنی دەروازەکانی توندتر کرد و رێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکاری کرد، و دامەزراوەکان و کارمەندانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کردە ئامانج کە بەڵگەیەکی روونن لەسەر کەمتەرخەمی داگیرکەران بەرانبەر بەو یاسایانە و کەمتەرخەمی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

  

هەروەها عیراق بە توندی هەر هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جێگرەوە بۆ فەلەستینییەکان لە دەرەوەی خاکی فەلەستین و دەست بەسەرداگرتنی زەوییەکانیان و بەجوولەکەکردنی ناوچە فەلەستینییەکان و فراوانکردنی دروستکردنی نیشتەجێبوون رەتدەکاتەوە کە قەوارەی داگیرکەر بەدواداچوونی بۆ دەکات و بەردەوامە و هەروەها مافی پەنابەران و کۆچبەرانی فەلەستینی بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمان و ناوچەکانی سەرەکی خۆیان دووپات دەکاتەوە.

 داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دان بە شەرعییەتی هەر دۆخێکدا نەنێین کە بەهۆی ئەم کارە نایاساییانەوە سەرهەڵبدات.

خاوەنشکۆ و پایەداران ...

لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەنجامە کردارییەکانی ئەم لووتکە دەکەین لە کۆکردنەوەی پشتیوانی، گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بەپەلە بە شێوەیەکی هەماهەنگی و بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە، سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین

بۆ ئەو وڵات و رێکخراو و کەسایەتیانەی کە دەنگیان لە دژی پێشێلکارییەکانی دەستدرێژی ئیسرائیلیەکان دژ بە گەلی فەلەستین بەرز کردووەتەوە و هەڵوێستی پتەوی عیراق لە پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین و گەلی فەلەستین و خەباتی دادپەروەرانەیان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان بە پایتەختی قودسی پیرۆز دووپات دەکەنەوە.

 

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت