سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی لوبنان کۆبونەوە
سام
٤ی ئازاری ٢٠٢٥
لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لەلووتکەی نائاسایی عەرەبی کە لەقاهیرە بەڕێوەدەچێت، د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی لوبنان جەنەراڵ جۆزێف عەون وەفدی یاوەری کۆبووەوە.
لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەسەرۆک جۆزێف عەون بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری لوبنان دووبارەکردەوه و هیوای سەرکەوتنێ بۆ سەرۆک عەون و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی لوبنانی برا خواست.
سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بەگرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری دووقۆڵی کرد بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل بکەن و دوپاتی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان کردەوە لەپێناوی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیدا.
لەدیدارەکەدا باس لەکارەکانی لووتکەی نائاسایی عەرەبی و دەرئەنجامە ئەرێنییە چاوەڕوانکراوەکانی کرا و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و یەکلاکەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەرانبەر بە پرسی فەلەستین کردەوە و سەرکۆنەکردنی عێراقیشی ڕاگەیاند لەدژی ئەو دەستدرێژییەی کە دەکرێتە سەر گەلانی فەلەستین و لوبنان و دوپاتیشی لەپاراستنی مافەکانیان لەژیانێکی سەلامەت پڕ سەقامگیرییدا کردەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆک عەون، سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بایەخدانی سەرۆک کۆمار بەپێشهاتەکانی لوبنان و ناوچەکە و دوپاتی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ عێراق و چڕکردنەوەی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە.



