سەرۆك كۆماری عیراق گەیشتە میسر بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی
کەژان
٣ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق گەیشتە میسر بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی، وەزیری دەرەوەی میسریش دەڵێت؛ پلانەكەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە ئامادەیە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بە یاوەری قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆك وەزیرانی هەرێم گەیشتە میسر بە مەبەستی بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی لەبارەی پرسی غەززە و فەلەستین كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوایكردبوو خەڵكی غەززە بۆ میسر و ئوردن رابگوازرێن.
لە لوتكەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق وتارێك پێشكەش دەكات و هەڵوێستی وڵاتەكەی لەو بارەیەوە ئاشكرا دەكات و زنجیرەیەك دیداریش لەگەڵ سەركردەی وڵاتان ئەنجام دەدات.
هاوكات بڕیارە هەر ئەمشەو د. لەتیف رەشید لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین كۆببێتەوە.
بەدر عاتی وەزیری دەرەوەی میسریش رایگەیاند، پلانەكەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە ئامادەیە و لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی كە رۆژی سێ شەممە بەڕێوەدەچێت، دەیخەنە بەردەم وڵاتانی دیكەی عەرەبی، وتیشی، پلانەكەی میسر دوای ئەوە دێت كە ماركۆ رۆبیۆ وەزیر دەرەوەی ئەمریكا داوایكرد وڵاتانی عەرەبی پێشنیازی خۆیان لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی غەززە بخەنەڕوو.