سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە سەید عەمار حەکیم دەکات
١ی ئازاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کە دوێنێ لە بەغداد بەڕێوەچوو ، سەرۆک کۆمار و سەید عەمار حەکیم بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و هیوایان خواست کە ئەم مانگە پیرۆزە بە خێر و و ئارامی و ئاسایش بۆ عیراقییەکان و جیهانی ئیسلامی و مرۆڤایەتی بە گشتی بگەڕێتەوە.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن و کاردانەوەکانیان لەسەر گۆڕەپانی عێراق گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی گرتنەبەری رێڕەوی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و پلان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان.
هاوکات بەشێکی تری دیدارەکە تایبەت بو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەکە، هاوکات دەرئەنجامی سەردانەکەی عەمار حەکیم بۆ کۆماری میسری عەرەبی تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو.
لای خۆیەوە عەمار حەکیم ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە بەهێزکردنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و پەرۆشی بەڕێزیان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان.

