سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی عیراق و پێشنیازی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستەڕوو.
لە میانەی دیدارەکەدا، هەردوو لا گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوخۆی عیراق و دۆخی ئیقلیمی کرد، تیایدا سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان کردەوە.
سەرۆک کۆمار لە وتەکانیدا تیشکی خستە سەر گرنگی پاراستنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسییەی کە عیراق لە ئێستادا بەدەستی هێناوە و داوای کرد هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئەم سەقامگیرییە بەردەوام بن. رایگەیاند کە ئەمە دەبێتە هۆی "مسۆگەرکردنی هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری".
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار ستایشی تایبەتی ئاراستەی "قوربانییە گەورەکانی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد شانبەشانی براکانیان لە تەواوی هێز و پێکهاتە ئەمنی و سەربازییەکان لە بەرگریکردن لە عیراق و گەلەکەی".
هەروەها لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، بەتایبەتی دۆخی فەلەستین و گۆڕانکارییەکانی سوریا و هەڵوێستی عیراق بەرامبەریان. هەردوولا جەختیان لەسەر "پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەش بەدەستبهێنێت".
شایانی باسە، ئەم دیدارە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی عێراق دێت بۆ هەماهەنگی و گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئەمنی وڵات.