سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵە مرۆڤدۆستانەکانی دکتۆر ئەبورەغیف دەکات لە غەززە و پشتگیری بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی عێراقی لەوێ دەردەبڕێت.

د. لەتیف  ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە دکتۆر محەمەد تاهیر ئەبورەغیف کرد.

لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی دکتۆر ئەبورەغیفی لە ماوەی هێرشەکانی دواییدا بۆ سەر غەززە بەرز نرخاند، کە رەنگدانەوەی رۆحی هاوسۆزی مرۆڤایەتی بوو لەگەڵ دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و گوزارشتی لە بەها ڕاستەقینەکانی گەلی عیراق کرد.

سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە ئەو هەوڵە مرۆییانەی پێشکەش بە گەلی فەلەستین دەکرێن، دەربڕینی ئیرادەی پتەوی عیراقن بۆ پشتیوانی لە برا فەلەستینییەکان و یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە.

هەروەها، سەرۆک کۆمار راشیگەیاند کە پێشنیاری دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی عیراقی لە غەززە، هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی پێویست بۆ خەڵکی فەلەستین. هاوکات پشتگیری تەواوی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عیراقی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و هەموو هەوڵە مرۆییەکانی تر دەربڕی.

لە لایەکی ترەوە، سەرۆک کۆمار ستایشی تایبەتی ئاراستەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و پیشەیی دکتۆر ئەبورەغیف کرد بۆ ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانەی کە پێشکەشی بریندارانی کردووە لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە.

لای خۆیەوە، دکتۆر محەمەد تاهیر ئەبورەغیف سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پوختەیەکی لەسەر ئەزموونی خزمەتکردنی لە غەززە و ئەو حاڵەتە تەندروستییانەی کە لەلایەن کادرە عێراقییەکانەوە چارەسەر کراون پێشکەش کرد. دکتۆر ئەبورەغیف جەختی کردەوە کە ئەوەی ئەنجامی داوە ئەرکێکی نیشتمانی، مرۆیی و ئەخلاقییە و وتی: "عیراق هەمیشە وەک نموونەیەکی شەرەفمەندانەی هاوسۆزی و بەخشندەیی مرۆیی دەمێنێتەوە."