د. لەتیف رەشید جەختی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی عیراق كردەوە
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوی بەدر كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین دوایین پێشهاتە ناوخۆییەكان كرد.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر، گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوایین گۆڕانكارییە هەرێمییەكان، جەختیشكرایەوە لە یەكخستنەوەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق ئاماژەی بە گرنگی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكان كرد، جەختیشیكردەوە لە پاراستنی پایەكانی كۆمەڵایەتی و یەكگرتووشی لە وڵاتدا بە پێویست زانی، بەجۆرێك كە سەقامگیری ئاسایشی و سیاسی و ئابووری وڵات بەرەوپێشببات، هاوكات داواكاری و خواستی هاوڵاتییان دابینبكات و ئاستی ژیان و گوزەرانیان و خزمەتگوزاری بەرزبكاتەوە.
لەبەرانبەردا، سەرۆكی رێكخراوی بەدر، هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری بەرزنرخاند لە یەكخستنەوەی هێزەكان و كاری پێكەوەیی نیشتمانی، لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هاوكات، دابینكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتییان و چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
