سەرۆك كۆماری عیراق رۆڵی گەورەی لە چارەسەركردنی قەیرانە ژینگەییەكان هەیە
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٥
عیراق لەسەر ئاستی جیهان یەكێكە لەو وڵاتانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە زۆرترین زیانی بەركەوتووە و كاركردن و هەوڵدانیش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییە، لە پێشینەی كارەكانی سەرۆك كۆماری عیراقە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ساڵی ٢٠١٠ كە وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە، بەردەوام كاری بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانە ژینگەییەكان كردووە و ئەو پرسە هەمیشە لە پێشینەی كارەكانی بووە، ئەوەش لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی وشكەساڵی و كەمئاوی و گرفتی عیراق لەگەڵ ئێران و توركیا لەسەر بەشەئاو كە رێگرییەكانی ئەو دوو وڵاتە لە بەردانەوەی بەشەئاوی پێویست بۆ عیراق، بە سەرچاوەیەكی سەرەكی كێشە و قەیرانە ژینگەییەكانی عیراق دادەنرێت.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواو كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر جیهان بە گشتی و عیراق بەتایبەتی، د.لەتیف رەشید رۆڵی گرنگ و دیاری هەبووە لە هەوڵدانی زۆری بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان و قەیرانی ئاو لە عیراق.
سەرۆك كۆماری عیراق بەردەوام جەخیكردووەتەوە لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا كاریگەری خراپی لەسەر هەموو جیهان هەیە و بەرەنگاربوونەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەش بە تەنها وڵاتێك ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و گرتنەبەری رێكاری هەمەلایەن هەیە.
د.لەتیف رەشید لە دوای هەڵبژادنیشی بە سەرۆك كۆماری عیراق لە ساڵی ٢٠٢٢، یەكێك لەو پرسانەی زۆرترین گرنگی پێداوە و كاری لە پێشینەی بووە، پرسی كاریگەرییە خراپەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا بووە لە عیراق بەو پێیەی یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی بەهۆی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەوە زۆرترین زیانی بەركەوتووە، بۆیە هەوڵەكانی زیاتر چڕكردووە و بەشداری لە زۆربەی كۆنگرە و كۆڕبەند و لوتكە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كردووە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بەشداریكرد لە كۆڕبەندی كۆپ ٢٩ كە تایبەت بوو بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لە وتارێكیشدا رایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە عیراق كاریگەرییەكی زۆری دروستكردووە و وڵات بەدەست شەپۆلی گەرما و خۆڵبارین و كەمبوونەوەی بارانبارینەوە دەناڵێنێت و بووەتە هۆی كەمبونەوەی ئاو و روبەری سەوزایی و ئاوارەبوونی دانیشتووانی زۆنگاوەكان.
وتیشی، عیراق كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونەكانی لە چوارچێوەی رێكەوتنی كەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تر، كاریش دەكات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان لە دەردراوە گازییە گەرمەكان و خۆگونجاندان لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا و هەنگاونان بەرەو وزەی نوێبوەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق لە چوارچێوەی خەمخۆری بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییە خراپەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، جگە لە بەشداریكردن لە كۆنگرە و لوتكە و كۆڕەبەندە نێودەوڵەتییەكان، لە كاتی سەردانی وڵاتانیشدا یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتانەشی كە سەردانیكردون، پرسی كەشوهەوا و كاریگەرییە خراپەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بووە.