سەرۆك کۆمار لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٣
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووەوە و سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و دەرهاویشتە ئەرێنیەکانی لەسەر بارودۆخی هەرێم و عێراق به گشتی تاووتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی نێودەوڵەتی تاووتوێ کرا بەتایبەت دەستدرێژییەکانی سەر هەردوو گەلی فەڵەستین و لوبنان، کە هەزاران قوربانیی مەدەنییان لێکەوتووەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ ئاگربەست و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و هەروەها ستایشی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، کە ژمارەیەك کارمەندی بونەتە قوربانی لە کاتی پێشکەشکردنی فریاگوزاری و هاوکاری بە هاووڵاتیانی بێتاوان.
هاوکات سەرۆك کۆمار ستایشی رۆڵی محەمەد ئەلحەسان نێردەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، هەڵبژاردنی بۆ ئەم ئەرکە بڕیارێکی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هەر له کۆبونەوەکەدا، سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەرهاویشتە ئەرێنیەکانی لەسەر بارودۆخی هەرێم و عێراق به گشتی تاووتوێ کرا و هەروەها ستایشی ئەو هەوڵانه کرا که یارمەتیدەربون بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، کارەکانی کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری نێودەوڵەتی و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی لوتکەکە و کۆنفرانسی پاریس کردەوە، بەشێوەیەك کە ژینگە بپارێزێت و ئاسایشی ئاو و خۆراك پتەوبکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکاتەوە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سوپاسی سەرۆك کۆماری کرد بۆ بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسەکە و تەئکیدیکردەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بنیاتنەر لەگەڵ عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەسەندنی لە هەموو بوارێکدا.