لە چوارچێوەی دیدارەکانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، رۆژی چوارشەممە  13-11-2024، چاوی بە شێخ سوباح خالد ئەلحەمەد موبارەك سوباح شازادەی جێنشینی دەوڵەتی کوەیت کەوت.

لە میانی دیدارەکەدا، کە لە  بارەگای کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو، جەختکرایەوە لەسەر قووڵی پەیوەندیی نێوان عیراق و کوەیت و پەرۆشیی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت و گەلی برا.

سەرۆك کۆمار و شازادەی جێنشینی کوەیت باسیان لەوەکرد، کە پێویستە عیراق و کوەیت رۆڵی کارایان هەبێت لە ناوچەکەدا لەڕێی چڕکردنەوەی دیدارە بەردەوامەکان و گەڵاڵەکردنی دیدگا هاوبەشەکان. هاوکات سەرۆك کۆمار بانگهێشتی شازادەی جێنشینی کرد بۆئەوەی سەردانی عیراق بکات و گەشەسەندنی کەرتە جیاوازەکان ببینێت.

هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە عیراق لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کوەیت هەیە و پێویستە هەردوو وڵات ئاستی پەیوەندیی دووقۆڵی پەرەپێبدەن و لە ئاستی ناوچەکەدا پێکەوە کاربکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە لوبنان و غەززە رودەدات، لە عیراق و کوەیتەوە دوور نییە، هەربۆیە کارکردن بە دیدێکی گشتگیرەوە لە بەر رۆشنایی ئاڵنگارییەکان، پێویستییەکی هەنوکەییە.

هاوکات هەردوولا رێککەوتن لەسەر پێویستی کاراکردنی لیژنە هاوبەشەکان بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەپێناو تاووتوێکردنی تەواوی خاڵەکان.

لای خۆیەوە شێخ سوباح موبارەك ئاماژەی بەوەدا، کوەیت پێشوازی لە پڕۆژەی رێگای پەرەپێدان دەکات، کە عیراق پەسندی کردوە، چونکە هەر گەشەکردنێك یان پێشکەوتنێك کە لە عیراقدا روبدات، گەشەکردن و پێشکەوتنە بۆ کوەیت و بەپێچەوانەشەوە.

هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پەرۆشیی بەهێزکردنی پەیوەندیی برایەتی و هاریکاری لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتی برا.