سەرۆك کۆمار بەشداری لە پانێڵێکدا دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە دیاردەی توندوتیژیی کەشوهەوا ئاڵنگاریی راستەقینە بۆ عێراق دروستدەکات
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٨
د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە بەشداری لە پانێڵێکی گفتوگۆدا کرد، کە لە بارەگای کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچو.
پانێڵەکە بە چاودێریی رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (فاو) لەژێر دروشمی (خێراکردنی پارەدارکردنی کاروباری پەیوەست بە کەشوهەوا لەپێناو خۆڕاگریی سیستمی کشتوکاڵی و خۆراکی لە وڵاتانی لاواز و زیانلێکەوتووی ململانێکان) رێکخرابوو، کە تێیدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژیان بەگشتی و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا تاووتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، کە ئەو ناونیشانە تەنها دروشمێك نییە، بەڵکو بانگهێشتێکی راشکاوانەیە لەپێناو گرتنەبەری هەنگاوی پراکتیکی بوێرانە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کەشوهەوا، کە مەترسی لەسەر سەقامگیریی خۆراك و بژێوی کۆمەڵگەکان هەیە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بەوەی کە دیاردە توندوتیژەکانی کەشوهەوا، وەك وشکەساڵیی سەخت و لافاوە کتوپڕەکان، زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنن و نەمانی ئاسایشی خۆراك زیاتر دەکەن.
روونیشیکردەوە؛ ئەم پرسە ئاڵنگارییەکی راستەقینەیە بۆ عێراق و کاریگەری زۆری کردۆتە سەر سەرچاوەکانی ئاو و رووبەرێکی بەرفراوان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانمان زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ژیانی زۆرێك لە گوندەکان، کە بەشێوەیەکی گەورە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانیان.
سەرۆك کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەموولایەك لە حکومەت و رێکخراوەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پراکتیکی کە پێویستییەکانی ئێستا دابین بکەن و بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتوویەکی بەردەوامتر دابنێن، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە کاریگەرە.
سەرۆك کۆمار وتیشی، "لەم روانگەیەوە، دەمەوێت جەخت لەسەر گرنگی ئەو رۆڵە بکەمەوە کە پشتیوانی دارایی کەشوهەوا دەیگێڕێت لە بەهێزکردنی خۆڕاگریمان. ئێمە ناتوانین سەرکەوتوبین لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئاڵۆزەکانی کەشوهەوا بەبێ پشتیوانی دارایی پێویست بەشێوەیەك بتوانین ستراتیژی درێژخایەن جێبەجێ بکەین، کە بنیاتنانی سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکی لەخۆدەگرێت و توانای زیاتری هەبێت بۆ خۆگونجاندن و مانەوە".
لە پانێڵەکەدا ژمارەیەك لە سەرۆکی وڵاتانی بەشداربووی (COP29) و شو دونیۆ بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ و خاتوو ماڤالدا دوارتێ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی سەوزی کەشوهەوا ئامادەبوون.