سەرۆكکۆمار لەگەڵ باڵیۆزی روسیا کۆبووەوە
کوردسات نیوز
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٣٣
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق لەگەڵ ئیلبروس کۆتراشێڤ باڵیۆزی روسیای فیدراڵی لە عێراق کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی بەرەوپێشبردنیان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییه هاوبەشەکان تاوتوێکرد.
هەروەها د.لەتیف رەشید گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری کولتوری لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپی خوێندن لەنێوان بەغداد و مۆسکۆ لە پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکاندا دوپاتکردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاووتوێکرا، لە پێشەوەدا دەستدرێژیەکانی دژبە لوبنان و فەڵەستین، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار ئاماژەی به گرنگی راگرتنی پەلامارەکانی سەر هەردوو گەلی لوبنان و فەڵەستین کرد و جەختیکردەوە لەسەر کارکردن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا. هاوکات هەڵوێستی عێراقی لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا رونکردەوه، که داوای کۆتاییهێنانی و گرتنەبەری رێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەپێناو خزمەتکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە باڵیۆز کۆتراشێڤ پشتیوانی تەواوی روسیای فیدراڵی بۆ سەقامگیریی عێراق و پەرۆشی بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ئاستە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەپێناو بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست، دوپاتکردەوە.