سەرۆك کۆمار پێشوازی له باڵیۆزی چیك دەکات
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١١٦
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە یان سانیدۆڤ باڵیۆزی چیک لە عێراق کرد و رایگەیاند، عێراق بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کراوەیە و بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ھەموولایەک لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی ھاوبەش
لە دیدارەکەدا، چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ سەردانی داھاتووی سەرۆک کۆماری چیک بۆ بەغداد تاووتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدیکردەوە، کە عێراق پێشوازی لەو سەردانە دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی چوارچێوەی ھاریکاریی لە چەندین بواردا، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات و پاڵپشتی ئابوریی ھەردوو وڵاتی دۆستبکات.
سەرۆک کۆمار روونیکردەوە، عێراق بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کراوەیە و بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ھەموولایەک لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندی ھاوبەش.
ھەروەھا تەئکیدیکردەوە، کە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابوریی لە عێراقدا، زەمینەیەکی لەباری بۆ وەبەرھێنانی جۆراوجۆر رەخساندوە بەتایبەتی لەبوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و تەندروستی و گەشتیاری و تەکنەلۆژیا و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەکان.
لای خۆیەوە باڵیۆز سانیدۆڤ پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتی و ھاریکاری لەگەڵ عێراق دوپاتکردەوە و ھیوای خواست سەردانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بۆ عیراق بەرھەمداربێت و یارمەتیدەربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.