لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٩-٣-٢٠٢٤ لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابوری، ژیان و خزمەتگوزاری لە وڵاتدا کرا و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاووتوێکران.

لەو دیدارەدا گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان خرانەبەر باس و گفتوگۆ، ھاوکات گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و تەواوکردنی پرۆسەی داخستنی کامپەکان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی لەو ماوەیەی حکومەت دیاریکردوە و بەردەوامیدان بە کاری ھاوبەش بەمەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان، جەختیان لەسەر کرایەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا ئاماژە بە بەیاننامەی ھاوبەشی کۆتایی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی کرا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەکەدا.