لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٩-٣-٢٠٢٤، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پاڵپشتیکردنی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە پزیشکیییەکانی سەرجەم پسپۆڕییە جیاجیاکان لەڕێگەی سودوەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشکەوتوی جیھان، ھەروەک ئاماژەیکرد بە پێویستی پەرەپێدانی پرۆگرامی زانستی و وانەوتنەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا.

سەرۆککۆمار دووپاتیکردەوە، کە زانکۆکانی عێراق ناوبانگێکی باشیان ھەیە بەوپێیەی زۆرێک لە خاوەن توانا و لێھاتوویی زانستی بەتایبەت لە بواری پزیشکیدا، لە ناوخۆی عێراقدا خوێندنیان تەواوکردوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشکی کورتەیەکی لەبارەی کارەکانی کۆمەڵەکەیان و ئەو ئەرکانەی لەڕێگەی کردنەوەی خول و وۆرکشۆپ جێبەجێیان دەکەن خستەڕوو، تا بتوانن شان بە شانی پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکی ھەنگاوبنێن، ھەروەھا باسی لە میکانیزمەکانی ھاریکاری نێوان کۆمەڵەکەیان و زانکۆ پسپۆڕەکانی عێراق کرد.