د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ جاسم محەمەد عەبوود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبۆوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ھەژماری بانکی فەرمانبەرانی ھەرێم.

سەرۆککۆمار رایگەیاند، پرۆسەی سیاسی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستوردا بەڕوونی ھەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە، ھەربۆیە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەسەڵاتی تەواویان بەسەر ھەرێم و ھاووڵاتیاندا ھەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، ئاماژەی بەوە کرد ئەو فەرمانبەرانەی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆی کێشەی ھونەرییەوە دروستکردنی ھەژماری بانکییان دوادەکەوێت، دەتوانن بە کاش موچەکانیان وەربگرن، دووپاتیشیکردەوە، ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی ھەرێم بەردەوام دەبێت تاوەکو پرۆسەی بە بانکی کردنی مووچەی فەرمانبەران تەواودەبێت، بەوپێیەی ڕێوشوێنەکانی پرۆسەی بەبانکیکردن کاتی پێویستە.