فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی بەرھەمھێنانی غاز کرد، ھەروەھا جەختیکردەوە، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غاز خراوەتەکار و لەئێستادا و بۆ ئەمساڵی وەزارەتی نەوت سەرقاڵی ھەوڵی گەورەترە بۆ دەستپێکردنی زیاتر لە پڕۆژەیەکی غاز لە چەندین ناوچەی عێراق.

ھەروەھا ھەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلی فەڵەستین دووپاتکردەوە، ھەروەک ئیدانەی ھەوڵەکانی داگیرکەرانی بۆ لەناوبردنی گەلی فەڵەستین راگەیاند، جەختی لەوەشکردەوە، ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە بەدی نایەت تا گەلی فەڵەستین مافەکانی بەدەستنەھێنێت.

لە پەراوێزی لوتکەکەدا، سەرۆک کۆمار پێشوازی لە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کرد و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان تاوتوێ کرد، سەرەڕای ئەوەی بایەخی بەڕێوەچوونی حەوتەمین لوتکەی سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکانی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غازیان دووپاتکردەوە.