لەگەڵ گەیشتنی سەرۆککۆمار بۆ شوێنی بەڕێوەچونی کۆڕبەندەکە، لەلایەن عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی جەزائیرەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆڕبەندەکەدا سەرۆککۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە تائێستا ھەوڵە جیھانییەکان بەئاراستەی گەیشتنن بە ھاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی، ھەروەک زیانی کەمیی وزەش کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گەرمبونی زەوی لەسەر مرۆڤ.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێشکەوتن کرد لە پرۆسەی سودوەرگرتن لە غاز و رایگەیاند، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غازی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستاشدا و بۆ ئەمساڵ وەزارەت ھەوڵی زۆردەدات بۆئەوەی زیاتر لە یەک پڕۆژەی غاز لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا دەستپێبکات.

لەبارەی دۆزی فەڵەستینیشەوە، سەرۆککۆمار دوپاتیکردەوە، پشتیوانی تەواو لە خەباتی گەلی فەڵەستین دەکەن، کە رووبەڕووی دەستدرێژیی ناڕەوا بووەتەوە، ھەروەھا ئەو ھەوڵە دڕندانانە ئیدانە دەکەن، کە بۆ لەناوبردنی لەبەرچاوی جیھاندا رودەدەن.

دەقی وتەکەی سەرۆککۆمار: 

برای بەڕێز سەرۆک عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی حەوتەمین لوتکەی کۆڕبەندی سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز

بەڕێزان، ئامادەبووان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت

سەرەتا دەمەوێت سوپاسی دڵسۆزانەتان بکەم بۆ بانگھێشتەکەتان بەمەبەستی بەشداریکردن لەم بۆنە گەورە جیھانییەدا، لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیھان تووشی ململانێی کەشوھەوا و وزە بۆتەوە و سەرەتاکانی سەردەمی گۆڕینی وزە و کاردانەوەی ئەم ململانێیانە لەسەر سەقامگیری کەرتی وزەی جیھانی دەرکەوتوە، ئەوە رونبۆتەوە کە جیھان پێویستی بە سەقامگیری و متمانە ھەیە لە کەرتی وزەدا، ھەروەک چۆن پێویستی بە خودی وزە ھەیە.

تائێستا ھەوڵە جیھانییەکان بەئاراستەی گەیشتنن بە ھاوسەنگی لەنێوان ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی، زیانی کەمیی وزەش کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گەرمبونی زەوی لەسەر مرۆڤ، ئەوەتا نزیکەی یەک ملیار مرۆڤ لە جیھاندا ھەن، کە دەستیان بە سەرچاوەکانی وزە ناگات و ژمارەکە ھێشتا لەزیادبوندایە، بەتایبەتی لەگەڵ ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ نەھێشتنی سوتەمەنی ھەرزان کە ئاستی دەردانی گازی ژەھراوییان بەرزە، ئەمەش پاڵی بە کۆمەڵگەی مرۆییەوە ناوە، کە پێویستە کاربکات لەپێناو دانانی دیدگایەک بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانە لە پرسی وزەدا، بەشێوەیەک کە کەشوھەوای ھەسارەکەمان بپارێزێت و کەس لەدوای خۆی بەجێنەھێڵێت.

سوتەمەنی بەردینی لە ماوەی دەیەکانی رابردودا ٨٠٪ی تێکەڵەی وزەی جیھانی پێکھێناوە و پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە تا پێش ناوەڕاستی ئەم سەدەیە لە سەرووی ٦٠٪ەوە بمێنێتەوە. سەرەڕای ھەموو ئاڵنگارییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردودا بەرھەمھێنانی دوو ھێندە زیادکردوە و گەیشتوەتە (٤.٧) ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، ئەمەش وایکرد بە تەنھا عێراق بەشداربێت لە یەک لەسەر پێنجی زیادبوونی بەرھەمی جیھانی.

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکان لە (Cop٢٨) ئاماژەی بە پشتبەستن بە سوتەمەنی گۆڕدراو وەک پایەی سەرەکی گۆڕانکاری کردووە، کە پێشتر ئامادە بووە و ساڵانێکە لە دیدگای نیشتمانیمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، چونکە ئەو رۆڵە مامناوەندییەی کە پیشەسازی غاز دەتوانێت لەڕێڕەوی گۆڕینی وزەدا بیگێڕێت، وادەکات گرنگ بێت لە چوارچێوەی پلان و ئامانجەکانی وڵاتدا سەرنج بخرێتەسەر ئەم پیشەسازییە.

رۆڵی کاریگەری غاز لە کەرتی وزەدا لە ھەردوو ماوەی نزیک و دوردا دیارە، تەنھا لەبەرئەوەنا کە ئەم سوتەمەنییە کەمتر ژینگە پیس دەکات، بەڵکو بەھۆی رۆڵی تەواوکەر و ھاوبەشیکردنیەتی لەگەڵ سەرچاوە پاکەکانی وزە و ئاسان بەکارھێنانیەتی لە کەرتی بەرھەمھێنان و لە پیشەسازییە سەرەکییەکاندا، کە لە تەکنیکە کارامەکانی بەرھەمھێنانی وزەوە سەرچاوە دەگرێت؛ وەک خولگە تێکەڵەکان بە کارایی نزیکەی ٦٥٪، یان لەبەرئەوەی مادەیەکی خاوە بۆ پیشەسازییەکانی پترۆکیمیایی، کە جیھان لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستی پێیەتی.

ئەمە ئەو رۆڵەیە، کە کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز لەئێستادا دەیگێڕێت، بۆ گەیشتن بە سەقامگیری کە پاڵپشتی ھەناردەکاران و بەکاربەران دەکات، پێش ئەوەش پاڵپشتی خودی پیشەسازیی غاز دەکات، کە پێویستی بە ھەوڵ و پارەدارکردنی زۆر ھەیە لەسەرئاستی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن، باوەڕبوون بەم رۆڵەی کۆڕبەندەکەش ھاندەرێک بوو بۆ عێراق بۆ دەربڕینی خواستی خۆی لە چوونە ناو کۆڕبەندەکە وەک چاودێرێک، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە ئەندامێتی کارا، بەتایبەتی کە کۆڕبەندەکە سورە لەسەر رێکخستنی دیدگاکان و ھەڵوێستەکان لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک).

لەسەرئاستی کرداری و بنەمای ئەم دیدگایە، پڕۆژەی تەواوکاریی خولی پێنجەم و خولی شەشەممان دەستپێکرد، کە زۆربەیان کێڵگەی غازیی ئومێدبەخشن. لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیران راسپاردەکانی دامەزراندنی سەکۆی غازی شلی لە بەندەری گەورەی فاو پەسند کرد، کە یەکەم جۆرە لە وڵاتدا بەمەبەستی بەھێزکردنی ئاسایشی وزە و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی.

ھەروەھا ئێمە بە ھەنگاوی دیراسەکراو بەرەوپێشدەڕۆین بۆ سودوەرگرتن لە غاز، پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەیەکی غازی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستاشدا و بۆ ئەمساڵ وەزارەت ھەوڵی زۆردەدات بۆئەوەی زیاتر لە پڕۆژەیەکی غاز لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا دەستپێبکات.

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتیبوو لە سێ ھێندە زیادکردنی وزەی نوێبووەوە پێش ساڵی ٢٠٣٠، ئەم دیدە تازە نەبووە بۆ ستراتیژی وزەی عێراق، چونکە عێراق بە پەرۆشەوە کاردەکات لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە بە زیادکردنی تواناکانی بەرھەمھێنانی وزەی خۆر، ھەروەک یاداشتی لێکتێگەیشتن و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکان ئیمزاکردوە.

یەکەم تەندەری کەمکردنەوەمان دەستپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی کاربۆن، کە لە قەواڵەکانی کاربۆنەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت بۆ پڕۆژەی سوتاندنی غاز لە کێڵگەیەکی خۆرھەڵاتی بەغدا. لەم بۆنەیەدا جەخت لەوە دەکەینەوە، کە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا بگێڕن بە کارکردن بۆ باشترکردنی کارامەیی وزە، چونکە کۆتوبەندەکانی کەشوھەوا بۆ بەرەنگاربونەوەی کاریگەرییەکانی سوتەمەنی بەردینییە لەسەر کەشوھەوا نەک خودی سوتەمەنی.

لەلایەکی دیکەوە رەشنوسی یاسای وزەی نوێبووەوە ئامادەکرا بۆ دامەزراندنی ھەیکەلی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیە گرنگە و دەرکردنی یاسای پێویست بۆ خێراکردنی کارەکان، لە ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزەش خراوەتەڕوو.

ئەمڕۆ لەم بۆنە گەورەیەدا کۆدەبینەوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز وەک یاریزانێکی سەرەکی لە سەقامگیریی بازاڕ و دروستکردنی کاریگەری لەسەری، دەست لە دەست لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک).

لێرەدا دەمانەوێت ستایشی رۆڵی مێژوویی جەزائیر بکەین، کە رۆڵێکی سەرەکییە لە چەسپاندنی نرخی نەوت و سەقامگیرکردنی بازاڕی جیھانی لەڕێگەی کارە پێشەنگەکانییەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچونەکانی نێوان وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت لە ناوەوە و دەرەوەی ئۆپێک لەپێناو گەیشتن بە کۆدەنگی مێژوویی.

ھەروەھا شانازیی دەکەین بە ئامادەبوونمان لە جەزائیر، وڵاتی ملیۆنێک شەھید، کە دوای سەربەخۆیی، لەلایەن حکومەتە نیشتمانییەکەیەوە رێزی لە عێراق گرت و یەکەم سەردانی رەسمی بۆ رێکخرا.

لەکۆتاییدا، لەکاتێکدا خەباتی گەلی جەزائیر بیر دەھێنینەوە، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەباتی گەلی فەڵەستین دوپاتدەکەینەوە، کە روبەڕوی دەستدرێژیی ناڕەوا بووەتەوە، ھەروەھا ئەو ھەوڵە دڕندانانە ئیدانە دەکەین، کە بۆ لەناوبردنی لەبەرچاوی جیھاندا رودەدەن. ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە بە بێ ئەوەی گەلی فەڵەستین مافە تەواوەکانی خۆی بەدەستبھێنێت، بەدی نایەت، لەپێشەوەدا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، کە قودسی پیرۆز پایتەختی بێت.

دوبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت.