لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "حەدەس"، د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکان لە ھەرێمی کوردستان رێی تێناچێت، چونکە دەستورین و ھیچ لایەنێکیش نییە بیەوێت ئەو کارە بکات.

سەبارەت بە کێشەکانی ھەرێم و بەغداد سەبارەت بە بودجە و نەوت دەڵێت، دانوستانەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنیان.

لەبارەی پرسی کشانەوەی ھێزی ھاوپەیمانانیش رایگەیاند، ئەو پرسە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە و مانەوەشیان لە وڵاتدا، پەیوەستە بە مەترسییەکانی داعشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای عێراق ئامادەیە بۆ تەحەددای ناوخۆیی و دەرەکی.

سەرۆککۆمار دووپاتیشدەکاتەوە، ناتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پشتگوێ بخەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا باشە.

لەبارەی ھێرش و پەلامارەکانی وڵاتانی دراوسێشەوە باسی لەوەکرد، دژی پێشێلکاریی ئەمنیین لە وڵات جا لە ھەرلایەنێکەوە بێت بە تورکیاشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.