لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە ٢٤-٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، عێراق سورە لەسەر چەسپاندنی بناغەکانی دیالۆگی جددی و بنیاتنەر بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی، ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بنەمای دیالۆگی پەسندکردووە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەبارەی پرس و دۆسییەکان. ھەروەک عێراق رۆڵی ھەرێمی گێڕاوە لە نزیککردنەوەی دیدگاکان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

سەرۆککۆمار باسی لەوەکرد، گۆڕانکاری و روداوە خێراکان، کە لە جیھاندا روودەدەن، وا دەخوازن بەھاکانی دیالۆگ و پەیوەندی و ھاوبەشی بەھێزبکرێن، کە بنەماکانی پێکەوەژیان دەچەسپێنن و دەرفەتی ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پتەودەکەن.

ھەروەھا ئاماژەی بەو ھەلومەرجەدا، کە عێراق پێیداتێپەڕی، لەوانە جەنگ، ئابڵوقە، توندوتیژی و تیرۆر و کاریگەرییان لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.

جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت بەرنامەیەکی داڕشتوە و کاری لەپێشینەی بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی ئاستی بژێوی ھاووڵاتیان، سەرەڕای پشتگیریکردن لە کەرتی تایبەت، ھاندانی وەبەرھێنان و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە بایەخی رۆڵی ناوەندەکانی دیالۆگ و لێکۆڵینەوە کرد لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردان و خستنەڕووی بژاردەکان لەڕێی شیکردنەوەی روداوەکانی ئێستا و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی و پێشبینیکردنی داھاتوو بۆئەوەی یارمەتی بڕیاردەر بدەن، کە بڕیاری دروست بدات.

ھەروەھا ئەو ھەوڵانەی بەرزنرخاند، کە بۆ سازکردنی شەشەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد دراون و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە. ئاماژەی بەوەشدا، سازکردنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەبنەھۆی دەوڵەمەندکردنی ئەو دید و بیرۆکە و بۆچونانەی بەشداردەبن لە بەھێزکردنی بناغەکانی سەقامگیری و پەرەپێدانی دۆخی ئابوری و باشتر دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە رێنماییەکانی سەرۆککۆمار و گرنگیپێدان و پەرۆشی بۆ ئامادەبونی لە کردنەوەی کۆنفرانسەکە و پێشکەشکردنی وتەکەی بەرزنرخاند، کە لەلای ئامادەبوانی کۆنفرانس جێی بایەخ بووە. دوپاتیشیانکردەوە، سەقامگیریی عێراق و بەھێزکردنی رۆڵی لە دیالۆگی ناوچەییدا، دەتوانێت بەشداری بکات لە بەدەستھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.