لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣-٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بواری داڕشتنی سیاسەت و پلانی ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی گرنگیدان بە بزووتنەوەی رۆشنبیری لە وڵات و بەردەوامبون لە سەردان و دیداری رۆشنبیری کرد لەگەڵ چەسپاندنی بنەمای پشتبەستن بە کتێب و بڵاوکراوە زانستی و کولتورییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوودوەرگرتن لە کتێبخانەکان و ناوەندە رۆشنبیرییەکان.

ھەروەھا باسی لە دامەزراندنی سەنتەری رۆشنبیری عەرەبی - کوردی لە بەغداد و سلێمانی کرد، کە ئامانج لە دامەزراندنی، بەھێزکردنی ھاوکاری و بونیادی ھاوبەشی نێوان کولتوری عەرەبی و کوردییە، لەم نێوەندەشدا ئاماژەی بە رۆڵی زمان کرد لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بڵاوکردaنەوەی مەعریفە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا.

ھەروەک سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە دامودەزگا فەرھەنگییەکان و بەرھەمە ئەدەبی و فیکرییەکان سەربەخۆبن و دوربن لە کاریگەرییە لاوەکییەکان بۆ ئەوەی کولتورێکی تەندروست بنیات بنرێت بێ ھیچ لایەنگرییەک لە تێڕوانین و بیرکردنەوەکان بە تایبەت لە نووسینی مێژوو، بڵاوکردنەوەی کولتوری قبوڵکردنی بەرامبەر، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تۆکمە و نیشتمانێکی یەکگرتوو بکات.

ھاوکات سەرۆککۆمار باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی کۆمار لە سازکردنی کۆنفرانس و وۆرک شۆپ کرد بۆ زیادکردنی ھۆشیاری و مەعریفە و پتەوکردنی یەکێتیی نیشتمانی، کە عێراقییەکان کۆدەکاتەوە بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی بەسەر بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حزبییەکاندا.

لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە رێنماییە بەنرخەکانی  سەرۆککۆماریان بەرزنرخاند و جەختیان لە ھەوڵی دامەزراوەکەیان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ھەر کارێک، کە خزمەت بە عێراق و گەلەکەی بکات و پێکەوەژیان لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا بەھێزتر بکات.

ھەروەھا ئەندامانی وەفدەکە جەختیان لە گرنگی کردنەوەی ناوەندەکانی توێژینەوە کردەوە بۆ پێشکەشکردنی ئەو بیرۆکانەی خزمەت بە گەل دەکەن، ھەروەھا رونکردنەوەیەکیان لەبارەی چالاکییەکانیان لەچوارچێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی بە ھاریکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، پێشکەشکرد.