سەرۆککۆمار لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، کە د.ئەحمەد ئەلموبەرقەع وەزیری لاوان و وەرزش، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، حسێن عیساوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف و کەسایەتی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبون، وتەیەکی پێشکەشکرد و دوپاتیکردەوە، کردنەوەی پێشانگاکە گرنگییەکی ناوازەی ھەیە، بەوپێیەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقھە، ھەروەھا شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان لە سەختترین ھەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە، ئەمڕۆش نەجەف گەواھیدەری ھەستانەوەیەکی زانستی و ھزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کە پێشەنگی رۆشنگەریە و ھەموومان دڵخۆش دەکات.

ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە؛



خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز ..

 سڵاوی خوداتان لێبێت ..

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتاندام بۆ کردنەوەی کارەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە نەجەف، ئەگەر  چالاکییە رۆشنبیرییەکان لە ژیانی نەتەوە و گەلاندا گرنگییەکی زۆری ھەبێت، ئەوا گرنگییەکەی لە پارێزگای نەجەفی پیرۆزدا ناوازەترە، لەبەرئەوەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقھە، ھەروەھا شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.

لەمێژە ئەو وتە بەناوبانگە لەناو خەڵکدا بڵاوبوەتەوە کە؛ قاھیرە دەنوسێت، بەیروت چاپ دەکات، بەغداش دەخوێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رادەی تەشەنەکردنی رۆشنبیری و زۆری ژمارەی رۆشنبیران لە دەیەکانی رابردودا لە عێراق.

ئەمڕۆ مافی خۆمانە بە خۆنەویستییەکی زۆرەوە بانگەشەی ئەوە بکەین، کە عێراقییەکان لە سەختترین ھەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە، کتێب بەشێوەیەکی نھێنی لە نێوانیاندا دەستاودەستی کردوە دوای ئەوەی رژێمە تۆتالیتارییەکان سانسۆری خۆیان بەسەر مافی دەربڕین و نوسین و بڵاوکردنەوە و تەنانەت خوێندنەوەدا، سەپاندبو.

نەجەفی پیرۆز ھەر لە سەرەتاوە و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق، بزوتنەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لەخۆگرتبوو، یەکەم چاپخانەی ھەڵمی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرە لە نەجەف، دامەزرێندرا.

نەجەف لە سەردەمی رژێمی پێشوودا دوور نەبوو لە جوڵانەوەی چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرەڕای ئەوەی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەوتبوە ژێر سانسۆرێکی توندەوە و لەو سەردەمەشدا مانایەکی راستەقینەیان بۆ بزوتنەوەی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری نەھێشتبووەوە دوای ئەوەی دیکتاتۆر و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆنترۆڵی چالاکی نوسین و نوسەرانیان کردبو.

ئەمڕۆ نەجەف گەواھیدەری ھەستانەوەیەکی زانستی و ھزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کەمترین شت دەربارەی بگوترێت ئەوەیە کە پێشەنگی رۆشنگەریە و ھەموومان دڵخۆش دەکات، رابون و  رێنیسانسێکی مەعریفی یان کلتورێکی واقیعی نییە - بە بڕوای من- تەنھا لەڕێگەی کتێب و کتێبخانەوە نەبێت.

ھیوای سەرکەوتن بۆ رێکخەران و سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە دەخوازین، پێشکەوتنی زیاتری زانستی و رابونی مەعریفی بۆ شاری زانست و زانایان.

دوبارە سڵاوی خوداتان لێبێت

دواتر سەرۆک کۆمار بەشەکانی پێشانگاکەی بەسەرکردەوە، کە بەرھەمی ژمارەیەکی زۆر خانەی چاپی ناوخۆیی و عەرەبی تێدا نمایشکراوە، ھەروەک تەماشای نوێترین چاپکراوەکانی بواری سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، فیکر و زانستی کرد.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمار گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەن ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە پێشانگاکانی کتێب ھاوکارن لە دەوڵەمەندکردنی ژینگەی رۆشنبیری و بواری بڵاوکردنەوە و بەھێزکردنی دەستکەوتی داھێنەرانەی عێراقی و ئاسۆی فراوان بۆ رۆشنبیران و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و خوێنەران دەکاتەوە، سەرەڕای بەدیھێنانی لێکنزیکبونەوە و دیالۆگ و کرانەوە لەنێوان گەلان و نەتەوەکان.

 ھەر لە میانی چالاکییەکانی پێشانگاکەدا، سەرۆک کۆمار ئامادەی دانیشتنێکی دیالۆگ بوو لەبارەی چەسپاندنی بەھاکانی ھاووڵاتیبون و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی عەرەبی-کوردی، کە تێیدا توێژەر عەبدولئەمیر زاھید باسی لە تیۆری تێکەڵبون و پێکەوەیی نێوان نەتەوەکان لە کۆمەڵگەی عێراقیدا کرد، ھەر لە سەردەمی پادشایەتییەوە تا ئێستا.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ھاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار باسی ھاوبەشیی فیکری نێوان عەرەب و کورد کرد.
لەلایەن خۆیەوە توێژەر دانا ئەحمەد ئەزمونی کەسایەتییەکانی کوردی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و کولتوری ھاوبەشدا خستەڕوو.