بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکیش گفتوگۆ بووە لەبارەی ھێرشەکەی ئەمدواییەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر ھەردوو ناوچەی عوکاشات و قائیم لە پارێزگای ئەنبار و جەختکراوەتەوە کە ئەو ھێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت حکومەتی عێراقی سەرپشک کردووە و پشتیوانی خۆی دوپاتکردووەتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبارەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکەکانی لە عێراق بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و بەشێوەیەک کە ئەو ھەنگاوە ببێتە ھۆی بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندامی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکاش.