لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشھاتە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکانی وڵات تاووتوێکران و سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان لەڕێگای سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە وڵاتدا، بەدیھاتون.

ھەروەھا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی و دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو فەرمانبەرانی دیکە، لەم چوارچێوەیەشدا کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی لەسەر رەوشی ژیان و ئابوری و باری  کۆمەڵایەتی رونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە دابەشنەکردنی موچە بوەھۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەشبونی خوێندکاران لە خوێندن.

سەرۆککۆمار گرنگی بەردەوامبوونی راوێژ و ھەماھەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولای بەپێی دەستور و یاسا دوپاتکردەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان. ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیش کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستور بەتایبەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران و قەرەبوکردنەوەی ھاووڵاتیانی زەرەرمەند، لەم روانگەیەشەوە تیشکی خستەسەر گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بەشێوەیەکی پراکتیکی. ھەروەک سەرۆککۆمار داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد تێڕوانین و پێشنیارەکانیان لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) بخەنەڕوو.

سەبارەت بە پەلامارەکانیش بۆسەر ژمارەیەک شار و ناوچەی ھەرێمی کوردستان، سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات کردەوە و رایگەیاند، پێویستە کاری ھاوبەش لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بکرێت بۆ رێگەگرتن لەو پێشێلکارییانە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەقامگیریی ناوخۆیی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.

ھاوکات باسی لە گرنگی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی ھەڵوەشاوە کرد، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ھەیە، ھەروەھا ھانی پەرلەمانتارانی دا دۆسێی بەپارێزگابونی ھەڵەبجە بخەنە ناو دانیشتنەکانی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تا دەنگی لەسەربدرێت.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە پشکی ھەرێم لە بودجەدا کرا و گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکانی ناو پەرلەمان بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، دوپاتکرایەوە.

لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوە، ئەو ھەوڵانەی خستەڕو، کە لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دراون بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و شارەکانی ھەرێم و پێویستی رێزگرتن لە سیادەی وڵات، سەرەڕای  داوای عێراق بۆئەوەی ئەو بابەتە بخرێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.

ھەروەھا باسی لەدوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی کرد. 

لەلایەن خۆیەوە وەزیری داد باسی لە پێکھێنانی چەند لیژنەیەکی دارایی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی قەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارە کوردانەی زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا ئاماژەی بە گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ زەوییە جێناکۆکەکان بەگوێرەی یاسا و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان.