سەرەتای پانێڵەکە، کە حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت و زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبا و ژمارەیەک لە لێپرسراو و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەیبون و د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختیکردەوە، ئایندەی وزە لایەنێکی بنچینەیی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و لە داھاتوی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتدا، کاری لەسەردەکەن.

دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار

"بەناوی خوای گەورەو میھرەبان

وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز....
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
بەیانیتان باش
بەخێربێن بۆ کۆشکی بەغداد

سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبونتان لەم چالاکییە گرنگەدا، کە بە زنجیرەیەک چالاکی پەیوەست بە ئایندە دەستمانپێکردوە، وەک ژینگە، سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ، پیشەسازی، فێرکردن، تەندروستی، رۆشنبیری و ئابووری. کە لەڕێگەیەوە سەرنج دەخەینەسەر درێژەدان بە کارلێکی نێوان بۆچوونی شارەزایان لە لایەک و ئەوانەی بەرپرسیارن لە داڕشتنی سیاسەتی پلاندانانی ستراتیژیی گشتی.

ئایندەی وزە لایەنێکی بنەڕەتی بایەخپێدانی وڵاتان پێکدەھێنێت و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەش کاریان لەسەردەکەن بەھۆی گرنگییەکەی لە ئێستا و داھاتووی ئەو وڵاتانەدا، ھەروەک پەیوەندی بە وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوتیشەوە ھەیە.

وەک تێبینی دەکەین، ھەوڵەکانی جیھان لەمڕۆدا بە ئاراستەی پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە و ژیانە، ئەم ھەوڵانەش لەپێناو پەرەپێدانی تواناکانی کارکردنە بە وزەی نوێبوەوە و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی سووتەمەنی بەردینە تا ئەوپەڕی بتوانرێت. ھەموو ئەم بایەخپێدانانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە پرسەکانی وزە و سوتەمەنیەوە ھەیە. ھەموو ئەم کێشە و ئاڵنگاریانە بابەتێکە، کە شایەنی کاری زۆر جددی و بەرھەمدارە لەلایەن ئێمەوە بۆ بەرژەوەندی ئایندەی ئابوری و کشتوکاڵی و پیشەسازی وڵات.

عێراق پابەندە بە زۆرێک لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە پەیوەندییان بە ژینگە و پاراستنیەوە ھەیە، پێش ئەوەش پەرۆشی خۆمان بۆ بەھێزکردنی ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە دووپاتدەکەینەوە، ھەروەھا ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقدا، پەرۆشییەکی گەورەمان ھەیە بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەرەپێدانی کار لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەک ببێتەھۆی ئەوەی لە بنەڕەتەوە پشتبەستن بە نەوت بۆ بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، کەمبکاتەوە.

ئەرکی توێژەران و شارەزایان بریتییە لە ئامادەکردنی پلان و ئامانجەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرەپێدانی کارەکانیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت، کە ھەوڵدەدات پێشکەوتن لەم بوارانەدا بەدەستبھێنێت.

لەوە زیاتر درێژە بە بابەتەکە نادەم، بۆئەوەی دەرفەت بە وەزیرە بەڕێزەکان و پسپۆڕەکانی ئەم بوارە بدەم بیرۆکەی فراوانتر بخەنەڕو، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم راسپاردەی گرنگ و کاریگەر لە بواری پسپۆڕیتاندا ئامادەبکەن.

زۆر سوپاس بۆ قبوڵکردنی بانگھێشتنامەکەمان و بەشداریکردن لەم چالاکییەدا. ھەروەک لە سەرۆکایەتی کۆمار بڕیارمان داوە بەردەوام بین لە رێکخستنی سیمینار و پێشکەشکردنی راسپاردە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریی ئابوری و زانستی.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت".

پاشان بەڕێز حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت  وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە ئاڵنگاریەکانی بەردەم وڵات کرد بەھۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەواوە، جەختی لەوە کردەوە، کە وەزارەتی نەوت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بەرھەمھێنانی بۆ دوو ھێندە واتە بۆ (٤.٧) ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد کردوە، بەجۆرێک عێراق لەو ماوەیەدا یەک لەسەر پێنجی ئەو زیادبوونە جیھانییەی لە بەرھەمھێناندا بەدەستھاتووە، پێکدەھێنێت.

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسی لایەنەکاندا ئاماژە بە پەسندکردنی سوتەمەنی نوێبوەوە وەک یەکێک لە پایەکانی گۆڕانکاری کراوە، کە پێشتر و ساڵانێکە لە دیدگای نیشتمانی و وەزاریمان بۆ پیشەسازی غاز ئامادەیە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دۆسێی وزەی عێراقی لە لێواری قۆناغێکی گرنگدایە، کە تێیدا پێویستە ستراتیژیەتێکی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەھراوی دابنێین، بۆئەوەی گۆڕانکارییەکە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق و خۆشگوزەرانی وڵاتەکەمان.

دواتر وەزیری کارەبا وتەیەکی پێشکەشکرد و جەختیکردەوە، کە عێراق بە یەکێک لە پایە بنچینەییەکانی وزە دادەنرێت، ئاماژەی بەوەشدا خاوەندارێتی دەوڵەت بۆ سەرچاوەکانی وزە، بەتایبەتی کارەبا، کاریگەری لەسەر خێرایی خولانەوەی چەرخی ئابوری نیشتمانی ھەیە، جگە لەو سودە ئابووری و سیاسیانەی پشتگیری لە سەقامگیری دەکەن.

ھەروەک رونیکردەوە، وەزارەتی کارەبا لەڕێگەی پلانەکانییەوە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری کارەبا بەوپێیەی یەکێکە لە پێکھاتە گرنگەکانی ئاسایشی وزە لە عێراق و یەکێکە لە پایەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕووی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردن لە دابینکردنی کارەبا.

دواتر بەڕێز د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم پانێڵە لە بارودۆخێکی جیھانیی ناوازە و خێراتربوونی روداوە ئەمنییەکاندا بەڕێوەدەچێت، کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت و بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری جیھانی بەگشتی و لەسەر دۆسێی وزە و ئایندەی بە تایبەتی.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار رونیکردەوە، ئایندەی وزە لە وڵاتەکەماندا زۆر پێویستی بە ھەنگاوی زانستی و پراکتیکی ھەیە، کە ھاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو روداوانەی لە جیھاندا بە گشتی و لە ناوچەکەمان و وڵاتەکەماندا بە تایبەتی دێنە پێش، ھەروەھا پێویستی بە چەندین دیالۆگ ھەیە، کە جددی و متمانەپێکراو و بەرپرسیارانە بن و ھەماھەنگی تەواویش بکرێت لەگەڵ ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتییەکانیانەوە، بۆ پێشخستنی دۆسیەیەک، کە بە گرنگترین دۆسیە دادەنرێت و کاریگەری لەسەر ئابوری و سیاسەت و ژیانی ھاووڵاتی ھەیە.

ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە دۆسێی وزە لە پێش ھەموو دۆسیەکانی دیکەوەیە، بەھۆی گرنگییە سیاسی و ئابورییە گەورەکانی بۆ ئێستای وڵات و ئایندەی نەوەکانی، بۆئەوەی عێراق بتوانێت جێگەی شیاوی خۆی بگرێتەوە و رۆڵی سەرەکی ھەبێت لە ناوچەکەدا. لەم روانگەیەشەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار راسپاردەی دەرکردوە بۆ رێکخستنی سیمینار و وۆرک شۆپ بۆ پەرەپێدانی کاری دامەزراوە و فەرمانگەکانی دەوڵەت.

دواتر پانێڵێک بە سەرپەرشتی بەڕێز سەگڤان موراد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە سەرۆکایەتی کۆمار  بەڕێوەچو، کە تێیدا د.عەبدولباقی خەلەف عەلی راوێژکاری وەزیری نەوت توێژینەوەیەکی بەناونیشانی (نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ گۆڕینی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان) پێشکەشکرد، ھەروەھا توێژینەوەیەکی دیکەی د.عەبدولحەمزە عەبود راوێژکاری وەزیری کارەبا بەناونیشانی (پلانی وەزارەتی کارەبا ٢٠٢٣-٢٠٢٧، پێداویستیەکانی جێبەجێکردن و ئاڵنگاریەکانی ئاسایشی وزە) پێشکەشکرا.

لە میانی پانێڵەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پرسی وزە لە عێراق و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و رێگاکانی روبەڕوبونەوەی و ئەو میکانیزمانەی بۆ پاراستنی وزە پەیڕەودەکرێن.

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا، بەڕێوەبەری پلاندانان و گەشەپێدان لە سەرۆکایەتی کۆمار دوپاتیکردەوە، دەرئەنجامەکانی پانێڵەکە و ئەو پێشنیارانەی پێشکەشکران، دەگۆڕدرێن بۆ راسپاردە و پێشنیار و لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەنێردرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی ئاگاداربون و سودوەرگرتن و گۆڕینی بۆ بەرنامەی پراکتیکیی پاڵپشت، کە رێگاکان بۆ پراکتیزەکردنی نمونەیی کارادەکەن.