سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان، سەرۆککۆمار جەختی لە بایەخی ھەماھەنگی و راوێژ کردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.

سەبارەت بە پرسی ئاو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێککەوتنی نێوان ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، کە لەلایەن تورکیاوە لە کاتە جیاوازەکاندا ئەنجامدەدرێت،ھیوای خۆشی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش پیشاندا سەبارەت بە پێویستی راستەقینەی عیراق و تورکیا بۆ ئاو، ھەروەک بۆ زانینی سروشتی ئەو پڕۆژانەی لەسەر روباری دیجلە و فورات دروستدەکرێن.

ھەروەک سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، عێراق لەگەڵ دۆست و دراوسێکانی کاردەکات لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و بڕیارە سەربەخۆکانی دەوڵەتان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکان لەگەڵ دراوسێکان.

ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرھەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە دەکرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات روونکردەوە، کە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە ھەیە لەچوارچێوەی بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی ھاووڵاتیانی.

لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عیراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھاریکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرۆک ئەردۆغان دەخوازێت سەردانی عیراق بکات، بەڵام سەردانەکەی بەھۆی دۆخی کەرتی غەزەوە دواخراوە.

ئیبراھیم کاڵن ئاماژەی بەوەشدا، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابوون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە، کە سورن لەسەرئەوەی عیراق پشکی ئاوی خۆی بەدەستبھێنێت.