لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، محەمەد رامی مارتینی سڵاوی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریای گەیاندە سەرۆککۆماری عێراق، ھاوکات د.لەتیف رەشید لەرێگەی وەزیرەوە سڵاو و پێزانینی خۆی نارد بۆ سەرۆک بەشار ئەسەد و ھیواشی خواست گەلی سوریای برا لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا بژی.

سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بەو پەیوەندییە بەھێزەی کە ھەردوو وڵات و گەلی برا بەیەکەوە گرێدەدات، جەختیشیکردەوە لە گرنگی کارکردن بۆ بەھێزکردن و پەرەپێدانیان بەشێوەیەک، کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدیبھێنێت.

ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد، عیراق و سوریا مێژو و شارستانیەتی ھاوبەشیان ھەیە و بەشداریانکردوە لە بەرەوپێشبردنی ھاریکاری و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی بەتایبەتی لەبواری گەشتیاری و شوێنەوار و رۆشنبیری، کە میللەتان پێکەوە دەبەستێتەوە. ھەروەک گرنگی ھاندانی دەرفەتی وەبەرھێنان و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەتی لە پڕۆژە ھاوبەشەکانی بوارە جیاجیاکاندا، دوپاتکردەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار رایگەیاند "کلتور و چارەنوسمان ھاوبەشن و روبەڕوی ئاستەنگی ھاوبەش بوینەوە بەتایبەتی لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندوتیژیدا، عێراق توانی ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و سەقامگیری ئەمنی لە شار و پارێزگاکاندا بچەسپێنێت". دوپاتیشیکردەوە، سەقامگیریی عیراق، سەقامیگری ناوچەکەیە.   

ھاوکات باسی لە بارودۆخی فەلەستین و غەززە کرد و جەختی کردەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ھێرش و بۆردومانەکان بۆسەر خەڵکی سڤیل و ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێکەوتەکانی بارودۆخی غەززە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ھەیە.

لەلای خۆیەوە وەزیری گەشتوگوزاری سوریا، جەختیکردەوە لە قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گرنگی بەھێزکردنیان لە بوارەکانی گەشتیاری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی ئەزموندا. ئاماژەی بەوەشدا، کە عێراق ھاوبەشێکی سەرەکییە بۆ سوریا لە بواری گەشتیاریدا و ھیوادارن ھەماھەنگییەکی زیاتر لە نێوان ھەردوو وڵاتدا بەدەستبھێنن.

ھەروەھا پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ھەڵوێستەکانی عێراق لە میوانداریکردنی سورییەکان و واڵاکردنی دەرگاکان و مامەڵەی میھرەبانانەی گەلی عێراق لەگەڵیاندا.