لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار رۆڵی بەشداریکردنی راوێژکارانی سەربازیی ئیستۆنیای لەھێزە فرەنەتەوەییەکان بۆ مەشقپێکردن بە ھێزە چەکدارەکانی عێراقی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە عێراق ماوەی چەند ساڵە سەقامگیریی ئاسایش بە خۆوەدەبینێت و لەڕێگەیەوە ھەوڵی پەرەپێدانی دەرفەتی وەبەرھێنان دەدات و بەڕێزیان خۆشحاڵی بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەستۆنیا و ھاوبەشیکردنیان لە پەرەپێدانی پرۆسەی بونیادنان و گەشەپێدان لە عیراقدا دەربڕی.

سەرۆککۆمار بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی بۆسەر خاکی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەو ھێرشە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دراوسێیەتییە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە، لەمڕووەوە سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر کرایە سەر ھەولێر و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیلی بێتاوان بونە قوربانی.

سەبارەت بە پێشھاتەکانی ناوچەکەش، سەرۆککۆمار سەرکۆنەی ھێرشە بەردەوامەکانی دژبە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستینی دوپاتکردەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی جەنگ و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییە بەپەلەکان کرد بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتوانی ئەو ھێرشە وەحشیگەرانەیە، ھەروەھا ھەڵوێستی جێگیری عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پرسی فەلەستین و مافی گەلی فەلەستین لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکەکەکەیان و قودسی شەریف، کە پایتەختیەتی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ئیستۆنیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و وتی "خۆشحاڵم وەک یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا، کە بە سەردان ھاتومەتە عێراق".

ھەروەھا سەرۆک کاریس، جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی عێراق پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە لەلای گەلی ئیستۆنیا، چونکە عیراق کلتور و شارستانیەتێکی کۆنی ھەیە و ھەموو دەقە پیرۆزەکان لە عێراقەوە ھاتون، ھەروەھا ئەکادیمی و زانستەکان، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان چالاکن و عیراق ھاوبەشێکی گرنگە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆکی ئیستۆنیا ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری کردوە لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عیراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لەمڕووەوە قوربانیشیان داوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بینینی ھەوڵەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق بۆ ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری.

سەرۆکی ئیستۆنیا، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئێستا زیاتر لە جاران ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەخۆوەدەبینێت و لەمدواییانەدا تێبینی ئەوەیان کردوە، ھەروەھا سەقامگیریی عیراق سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە و لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عیراق دوپاتکردەوە.

سەرۆک ئەلار کاریس سەرکۆنەی ھەموو جۆرەکانی تیرۆری کرد، کە ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بڵاوکردنەوەی تیرۆر نابێتەھۆی بەرقەراربونی ئاشتی و سەقامگیری. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیستۆنیا لە شەڕی دژبە تیرۆریزم لەگەڵ عیراقدایە و لەڕێگەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی پێشکەشکردوە.

ھەروەھا سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لە وتووێژەکاندا لەگەڵ سەرۆککۆمار تاووتوێی ئاڵنگارییەکانیان لە ئەوروپا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کردوە، ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی مرۆیی غەززە کردووە، کە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ھەمووان و جەختی لەوە کردەوە، ئیستۆنیا پشتیوانی لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ راگرتنی شەڕ و پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی مرۆیی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

ھەروەک سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق باسیان لە شەڕی روسیا و ئۆکرانیا کردوە، جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە کاربکرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و خوشگوزەرانی تا ھەموان بگرێتەوە.