ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و ئەلار کاریس سەرۆککۆماری ئیستۆنیا دیدارێکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا و لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی پەرەپێدانی گفتوگۆیان کرد.

لەدیدارەکەدا، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیستۆنیا و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و ژینگە و کشتوکاڵ و وزەی نوێبووەوە و زانست و تەکنەلۆژیا و گۆڕینەوەی ئەزموون لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ئینتەرنێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە سەقامگیریی ئاسایش لە وڵات و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ دانانی بناغەی سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بەمەبەستی سودمەندبوون لە دەرفەتی وەبەرھێنان لەپێناو پەرەپێدانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی تایبەت، کرد.

ھەروەھا پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵی راوێژکارەکانی ئیستۆنیا لەچوارچێوەی ھێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دا دەربڕی، کە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عیراق دەکەن.

سەبارەت بە پرسی فەلەستینیش، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی ھەمیشەیی و راشکاوانەی عیراقی لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی دژبە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆبگرێت و کار بۆ راگرتنی بۆردومانە وەحشیگەرانەکان و بە ئامانجگرتنی دانیشتوانی سڤیل و نەخۆشخانەکان بکات.
ھاوکات دوبارە جەختیکردەوە لەسەر رەتکردنەوەی سیاسەتی راگواستن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە کەرتی غەززەدا، داوای ھەڵگرتنی گەمارۆ و رێگەدان بە چونەژور
ەوەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیشتنی بە دانیشتوانی فەلەستینیشی کرد.

لای خۆیەوە، ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لەگەڵ عیراق رونکردەوە، جەختی لەسەر خواستی کردنەوەی ئاسۆی نوێی ھاریکاری کردەوە لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرھێنان و ئابوری و سیاسی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدیبھێنێت.

دواتر وتووێژی بەرفراوان لەنێوان وەفدی ھەردوولا بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی وەفدی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکھاتبوو لە  د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، د.محەمەد بەحرلعلوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە، د.حازم مەحمود حەمید بەڕێوەبەری نوسینگەی  
سەرۆککۆمار، حەیدەر عەزاری سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە و فەریقی یەکەمی روکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان. لایەنی ئیستۆنیاش لەلایەن سەرۆک ئەلار کاریس-ەوە سەرۆکایەتی دەکراو پێکھاتبون لە سێلیا کونیکاس راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە، مادیس روڵ راوێژکاری سیاسەتی ئاسایش، ئەندریک ترۆڤلیدت راوێژکاری پەیوەندیەکان، لیوا ئینۆ مۆتس سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ھاوبەش و لێمپێد ویبۆ باڵیۆزی ئیستۆنیا لە عیراق.
 
لە میانی کۆبونەوە بەرفراوانکراوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پتەوکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری کرا، ھەروەھا رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و ژینگە و دەرئەنجامەکانیان تاووتوێکران، کە خۆیان لە وشکەساڵی و بەبیابانبون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانیان لەسەر ھەموو چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە دەبینێتەوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا، ھەردوولا ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو بۆردومانە دەربڕی، کە شاری ھەولێری کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە، کە بۆردومانەکە پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتە.

ھەروەھا کۆبونەوەکە دوپاتیکردەوە، ئەو ھێرشانەی ھەولێریان کردە ئامانج و پێش ئەوەش سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و بەغداد و ناوچەکانی دیکەی لە عیراقدا گرتوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر ھاووڵاتییانی سڤیل و بێتاوان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون ھەبووە، ھەموو ئەو ھێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و قبوڵکراو نین و وڵات لە ململانێیەک تێوەدەگلێنن، کە ھیچ سودێکی پێناگەیەنێت.

لە کۆبوونەوە فراوانکراوەکەدا، کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ھەوڵەکان بۆ ھێنانەکایەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تاووتوێ کران. سەبارەت بە پرسی فەلەستین-یش، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ، کە داگیرکەر دژی غەزە پیادەی دەکات، بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان. ھەروەک پێویستی ئاسانکاری بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین، دوپاتکرایەوە.