لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باڵیۆزی سعودیە سڵاوی خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز خاوەن شکۆ شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای عەرەبستانی سعودیە و  شازادەی جێنشین شازادە محەمەد کوڕی سەلمان بە سەرۆککۆمار گەیاند و ھیوای خواست گەلی عێراق لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتردا بێت، ھاوکات سەرۆککۆمار سڵاوی خۆی بە باڵیۆزی سعودیە نارد بۆ خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز و شازادەی جێنشین و ھیوای خواست گەلی سعودیە لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی زیاتردا بێت. 

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە ویستی عێراق بۆ بەئەندامبون لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی لەڕێی بەدیھێنانی پێوەرە بازرگانی و ئابوریی پێویستەکانەوە.

ھەروەھا ستایشی رۆڵی شانشینی عەرەبستانی سعودی کرد لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و ھەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ھەروەک سەرۆککۆمار ستایشی ھەوڵەکانی تیمی پەیوەندیدار بۆ بەئەندامبونی عیراق لە رێکخراوەکە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی کرد بەمەبەستی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەک، کە ببێتە مایەی پەرەپێدانی سیستمی بازرگانی و ھێنانەدی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، لەم بارەیەشەوە ئاماژەی بۆ بایەخی سودوەرگرتن لە ئەزموونی شانشینی عەرەبستانی سعودیە کرد.

سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر پێشھاتە ئەرێنییەکانی عێراق، کە رەنگدانەوەی ئەرێنی ھەبوە لەسەر ژیانی گشتی عێراقییەکان، جەختیکردەوە کە حکومەت گرنگی بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکان و ھاندانی وەبەرھێنانی بیانی لە وڵات دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان لە ئاستێکی باشدایە. ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق ئەندامێکی کارا بووە لە زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە جەختیکردەوە لەوەی شانشینی سعودیە سورە لەسەر پاڵپشتیکردنی عیراق لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و گەشەپێدان و پێشکەوتن لە بواری ئابوری و وزەدا.

باڵیۆز ئاماژەی بەوەشدا، عیراق لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و گەشەکردن و پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا، بەرەو پێشەوە ھەنگاودەنێت.

لای خۆیەوە سەقر موقبل باسی لە ئەنجامی کۆبونەوەکانی کرد لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی عێراق، کە لە بەغداد سازیکردوە بۆ بەئەندامبونی کۆماری عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو ھەنگاوانەی عێراق گرتویەتیەبەر بۆ جێبەجێکردنی پێوەرە پێویستەکان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبونی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی.

سەرۆکی تیمی پەیوەندیدار راشیگەیاند، ئەندامبونی عێراق لەو رێکخراوە دەستکەوتە بۆ ناوچەکە و جیھان، ھەروەھا رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئەو پێشکەوتنانەی لە خزمەتگوزارییەداراییەکاندا بەدەستھاتون و ھەروەھا باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنانی بیانی.