لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ٩-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە پێشھاتە ئەمنییەکانی ئەمدواییەی عیراق و ناوچەکە کرا، ھەروەھا پێویستی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکخستنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەھێشتنی قەیران و گرژییەکان و گرتنەبەری پرەنسیپی دیالۆگی جدی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر کرایەوە.

سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر بارودۆخی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، کە پێویستە ئەرکیان  لە چوارچێوەی پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکان بێت لە بوارەکانی مەشق و راھێنان و پێشکەشکردنی راوێژ، ھەروەک گرنگە چوارچێوەیەکی بەرنامەی کاری دیاریکراوی  بۆ دابنرێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد، عیراق سورە لەسەر بونیادنانی پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عیراق و گەلانی ناوچەکە بکات و بەشداربێت لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان وڵاتان.

ھەر لە دیدارەکەدا، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە بەرامبەر پرسی فەلەستین و پێویستی راگرتنی دەستدرێژی و بەئامانجگرتنی رۆژانەی دانیشتوانی سڤیلی لە غەززە و شارەکانی دیکەی فەلەستین دوپاتکردەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە لێکەوتەکانی جەنگ لە کەرتی غەززەدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە ھەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە تایبەتی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆبگرن بۆ وەستاندنی دەستدرێژی سەر فەلەستین.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر بایەخی چەسپاندنی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی لەبارەی ئەو پرسانەی جێی بایەخی ھەردوولان ئەویش بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان کۆماری عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان. ھەروەھا ئاماژەی بە پەرۆشیی ئەمریکا کرد بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆخەی لە فەلەستیندا ھەیە.