دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار...

پیرۆزبایی لە ھەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ و ھیوادارین ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بێت دوای ئەوەی کۆتاییمان بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بەسەرکەوتوویی ھێنا، کە پاڵنەر دەبێت بۆ کارکردن بەرەو ھەماھەنگییەکی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پێناوی دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرھێنان دوای بەدەستھێنانی سەرکەوتنە گەورەکە بەسەر تیرۆردا.

پابەندبوون بە دەستوور و دەوڵەتی دامەزراوەکان و زاڵبوون بەسەر سەردەمی تاکڕەوی لەحوکمڕانیدا دەبێتە بناغەیەکی بەھێز بۆ بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی و ئاشتی بۆ گەلەکەمان و یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ببینێت کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا ھەوڵێکی زۆرمان دا بۆ بەرجەستەکردنی لەڕێگەی بەشداریکردنێکی بەھێز لە کۆنفرانس و بۆنە نێودەوڵەتییەکان و سەردانە دەرەکییەکانماندا کە پردێکی پەیوەندیی لەگەڵ وڵات و گەلاندا بھێنینەدی بەمەبەستی ھاریکاری و گەشەپێدانی زیاتر لە کەرتەکانی عێراق وسود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتان لەبونیادنانی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی سیستمی پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی گەشەسەندوو. 

ھەروەھا داواکانمان دوبارە دەکەینەوە بۆ کۆتاییھێنان بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ناکۆکی لە ناوچەکە و جیھان.
ھەمیشە ھیوا و ھەوڵەکانمان بۆ کۆتایی ھێنان بە ناخۆشی و ناسۆرییەکانی ھاوڵاتیانی فەلەستینیە لەغەزە بۆ ئەوەی بە تەواوی مافە ڕەواکانیان بەدەست بھێنن.
بە ھیوا و متمانەیەکی زۆرەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین.
ھیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیانمان لە موسڵمانان و کریستیانەکان و ئایینە جیاوازەکانی دیکە دەخوازین.

د. لەتیف ڕەشید
سەرۆککۆمار